سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: زۆر بەوردی چاودێریی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەكەن و تا یەك جووتیاریش مابێت پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.
بە چاودێریی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، پرۆسەی وەرگرتن و بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و كارمەندانی سایلۆكانیش تا درەنگانی شەو لەكاردا دەبن بۆ راییكردنی كاروباری جووتیاران و وەرگرتنی گەنمەكانیان، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك چاودێریی پرۆسەكە دەكات و لە هەر كێشەیەك دەكۆڵنەوە كە سكاڵای لەسەر كرابێت. بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ-ش تا دوێنێ نزیكە 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و هیچ كێشەو گرفتێكیش لەبەردەم جووتیاراندا نییە.
لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم، عەبدوڵڵا میروەیس سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، پێیڕاگەیاندین: بڕیاری پارێزگار بەوشێوەیەیە كە تا یەك جووتیار مابێت، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان بەردەوام دەبێت. وتیشی: جگە لە سێ سایلۆ لەناو كەركوكدا، سایلۆی یەدەگیشمان ئامادەكردووە و هەر سایلۆیەكیش پڕبووبێت لە گەنمی وەرگیراو، راستەوخۆ ئاگادارمان دەكەنەوە بۆ ئەوەی شوێنی دیكەیان بۆ دیاری بكەین و هەموو هەوڵێكیشمان بۆ ئەوە دەبێت جووتیاران بەرهەمەكانیان ساغبكەنەوە و زەرەرمەندنەبن.
كەركوك، هێمن ئەحمەد