سەرۆكایەتیی شارەوانیی دەربەندیخان، هاووڵاتیانی قەزاكە ئاگاداردەكاتەوە پاشماوەكانیان لە شوێنە دیاریكراوەكاندا فڕێبدەن، سەرۆكی شارەوانیش ئاشكرایدەكات كە بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوبازاڕ و گەڕەك و كۆڵانەكان، كامێرای چاودێریمان لە چەند شوێنێك داناوە و لافیتەشیان هەڵواسیوە.
زریان سابیر سەرۆكی شارەوانیی دەربەندیخان، لە لێدوانیكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتیشی: حەوت جێگا و شوێنی دەربەندیخان لەژێر چاودێریی كامێرادایە و لافیتەی ئاگاداركردنەوەشمان هەڵواسیوە، هەر هاووڵاتییەك خۆڵ و خاشاك لەو جێگەیانە فڕێبدات، كە پێشتر پاشماوەیەكی زۆریان تێدا فڕێدەدرا و ژینگەی سنوورەكە بەتەواوی پیسکردبوو، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و سزادەدرێت.
سەرۆكی شارەوانی، ئاماژەی بەوەشكرد كە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە رێگەی ژاڵەناو و چەند شوێنێكی دیكەی ناو سەنتەری دەربەندیخان و دەوروبەری، كامێرای چاودێریی دادەنێن. داواشی لە هاووڵاتیان كرد هاوكاریان بن لە فڕێنەدانی زبڵ و خاشاك لەو شوێنانەی كە نزیكن لە شوێنی نیشتەجێبوون.
شارەزوور، محەمەد عەبدولڕەحمان