مەقام و كاریگەریی لەسەر گوێگر

12:05 - 2025-07-09
کەلتور
24 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵ

نیاز محەمەد نوری*

لە سەرەتای بوونی مروڤایەتییەوە و دوای زمانی ئاماژە، دەنگی سروشت، خۆشی و ترسی بە مروڤی سەرتایی بەخشیوە، كە وایكردووە بگەڕێت بە دوای دروستكردنی ئامراز و شێوازی بەرهەمهێنانەوەی ئەو دەنگانە و بەكارهێنانی وەك كارتێكەر.
خۆ ئەگەر فووكردن بە ئێسقانی بۆشدا بە یەكەم ئامێری میوزیك دابنرێت، ئەوا دەنگی دایك و لایلایەكەی دەبێتە سەرەتای دەنگبێژی و مەقام خوێندن، كە لە سەرەتاكانیدا بێ وشە بووە و تەنها دەنگێك بووە بۆ ئارامكردنەوەی منداڵ، دواتر مروڤ دەستیكردووە بە لاساییكردنەوەی دەنگی ئاژەڵان و باڵندەكان و بەكاریهێناوە وەك ئامرازی پەیوەندییكردن تا دروستبوونی زمان.
مەقام وەك ئاوازێكی ریتم سەربەست، بۆتە ئامرازێكی كاریگەری بەكارهاتوو لە بۆنە خۆش و ماتەمەكان و كەشە ئایینیەكاندا بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و كاریگەریی و سۆزی مەقامخوێن رۆڵی گرنگی هەبووە لەسەر گوێگر.
مەقامات بە پێی دوو پۆلێنەكەی كە مامەڵەی لەگەڵ كراوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1- ئەو مەقامانەی چارەكە دەنگیان تێدایە.
2- ئەو مەقامانەی چارەكە دەنگیان تێدا نییە.
مەقام، بەكارهێنان و خوێندنی لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت و كاریگەرییەكەشی جیاوازە، بێگومان ئەمە بۆ ئەو فۆڕمە كوردییە رەسەنانەش راستە كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە هەموو فۆڕم و مەقامەكانی میللەتانی تر جیای دەكاتەوە و بەشێك بووە لە پاراستنی بوونی كورد لە پاڵ زمانەكەیدا، خەڵكی هەورامان زیاتر كاریگەرن بە سیاچەمانە و بەزمی چەپڵە و وردە بەزم، وەك لە خەڵكی بادینان كە كاریگەرن بە لاوك و مەوال، كەچی دەشتی هەولێر و ناوچەی موكریان كاریگەرن بە حەیران (چیایی و مەجلسی) و گەرمیانییەكان بە ئای ئای و خاوكەر و ئەڵاوەیسی و هۆرە و سۆز، بەیت و بالۆرەش كاریگەریی لە خۆرهەڵاتی وڵات زیاترە.
مەقام كاریگەریی لەسەر هەست و سۆزی گوێگر دروست دەكات و كاریگەریی لەسەر ئارامكردنەوەی روح هەیە، هەروەك چۆن بزوێنەر و دروستكەری گیانی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕییە و خۆشترین كاتی گوێگرتن لە دانیشتنە تایبەتەكاندایە كە دەنگە بەسۆزەكان دوور لە كاریگەریی دروستكراو، وەك شەماڵ فێنكایی دەدەن بە روح و دەیبەنە دنیایەكی ترەوە، بێگومان لەگەڵ بەكارهێنانی دروستی ئەو دەق و هۆنراوانەی كە گونجاون بو هەر جۆرێك لەو مەقامانە.
بە گشتی مەقامات لە رێی دەنگبێژانییەوە لە كۆنەوە تا ئێستا توانیویەتی كاریگەرییەكی رۆحیی لەسەر گوێگرانی دروستبكات، بە بەڵگەی ئەوەی كە لە ئەمڕۆی دنیای نوێی میوزیكی ئەلكترۆنی و زیرەكیی دەستكرددا، مەقام گوێگری خۆی هەیە و تەنها بەو گوێگرانەوە نەماوەتەوە كە سەر بە نەوەی كۆن و كلاسیكن، بەڵكو گەنجانی تازە پێگەیشتووش بونەتە گوێگر و هۆگری ئەم هونەرە رەسەنە.
*نەقیبی هونەرمەندانی كوردستان

#دیداری مەقام

بابەتە پەیوەندیدارەکان