قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەری هەمیشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

08:09 - 2025-07-09
کوردستان
47 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا و فواد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە هەر سێ کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوون، گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
 لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم، روونیکردەوەو بەدیلی رێککەوتن هەر رێککەوتنە و وتیشی، هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەری هەمیشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. 
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە شەڕ و بارگرژییەکانی ئەم دوایانە، هیوای خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنەکانی ناوچەکە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و سەقامگیرترکردنی ناوچەکە، چونکە دواجار سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە و لە دۆخی ناسەقامگیریدا هەمووان زەرەرمەند دەبن.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردن لە پرۆسەکە و راشیگەیاند، لە هەر شوێنێک پێویست بکات هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر چەشنە هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کوردستان، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی کرد لە کونسوڵی گشتیی ئوردن و سوپاسی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی بینی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و بەتایبەتیش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵادا. 
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی نوێی ژاپۆنیش، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ بەخێرهێنانی، سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و داوایکرد کاری زیاتر بکرێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بوارەکانی خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان