ئا/ یانی سابیر
وەزارەتی بەرگریی چین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی مانۆڕی هاوبەشدا كە چەند وڵاتێك لەخۆدەگرێت، پەكین بەنیازە هێزی سەربازیی بۆ روسیا بنێرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، كە بەشداریكردنی هێزەكانی چین لە مانۆڕی فۆستۆك-دا، كە بڕیارە لە 30 ئەم مانگە تا رۆژی 5ی مانگی داهاتوو بخایەنێت، هیچ پەیوەندیی بە دۆخی ئێستای نێودەوڵەتی و هەرێمییەوە نییە، بەڵكو مانۆڕە سەربازییەكە بەشێكە لە هاوئاهەنگیی دووقۆڵیی ساڵانە و بەردەوام لەگەڵ روسیادا.
لە بەیاننامەكەیدا، وەزارەتی بەرگریی چین روونیكردۆتەوە: ئامانجی مانۆڕەكە، قووڵكردنەوەی هاوئاهەنگیی كار و پەیوەندیی دۆستانە و پتەوكردنی هاوئاهەنگیی ستراتیژییە لە نێوان لایەنە بەشداربووەكاندا، لەگەڵ بەهێزكردنی توانای وەڵامدانەوەی هەڕەشە ئەمنییە جۆراوجۆرەكان.
وێڕای بەشداریكردنی هێزە سەربازییەكانی چین و روسیا، بڕیارە، هەریەك لە هیندستان و بێلاڕوسیا و مەنگۆلیا و تاجیكستان، لە مانۆڕە سەربازییەكەدا بەشداریی بكەن.
جێی ئاماژەیە، پێش هێرشە سەربازییەكەی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، لە رۆژی 24ی شوباتی رابردوودا، هەردوو حكومەتی مۆسكۆ و پەكین هاوبەشییەكی بێ سنووریان راگەیاند.
سەرچاوە: ئاژانسەكان