لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، قایمقامی كفری، ئاماژە بە ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاوەڕۆ، رێگەسازی و قیرتاوكردن دەكات و رایدەگەیەنێت: پێنج ملیار بۆ جێبەجێكردنیان تەرخانكراوە.
ساهر عەلی قایمقامی كفری، رایگەیاند: بەشێك لە پرۆژەكان نوێن و بەشێكیشیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا راگیرابوو، وتیشی: یەكێك لە پرۆژە گرنگەكان، گەشتیارییە و زۆر پێویستە بۆ سنوورەكەمان و هەوڵەكانیشمان بەو شێوەیەن كە لەڕێگەی ژمارەیەك رێكخراوەوە چەندین پرۆژە بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاریی جێبەجێبكرێن.
ئەندازیار عەلی خورشید سەرۆكی شارەوانیی كفری-ش پێیڕاگەیاندین: یەكێك لە پرۆژەكان قیرتاوكردنی گەڕەكی هەواری نوێیە، كە گەڕەكێكی تازەی سنوورەكەیە و وادەكات ئاوەدانیی زیاتر رووی تێبكات، بەدڵنیاییشەوە كاردەكەین بۆ ئەوەی پرۆژە پێویستەكان بۆ گەڕەك و كۆڵانەكانی سنوورەكە فراوانتر بكەین.
كفری، حەیدەر ئەحمەد