هێدی گەڵاڵی
هونەرمەندی رەسەنی كورد خوالێخۆشبوو حەمەی نێرگز، بەرلە كۆچی دوایی، لە چاوپێكەونێكیدا لە بارەی بەدەستهێنانی شیعری شاعیران و كردنی بە گۆرانیی وتی: ساڵانی حەفتاكان ئاکاری هونەریی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ لە ئاستێکی باڵادا بوو، بەوەی کە بە بێ پرس و رای شاعیران و خاوەن تێکستی و دەقەکان، بەرهەمەکانیان نەدەکردە گۆرانیی تا رەزامەندیی شاعیرەکانیان وەرنەگرتایە. کە رەزامەندییان بەدەست دەهێنا، ئینجا ئاواز و دابەشکردن و مۆزیکیان بۆ ئامادە دەکرد. بەر لە کۆچی هونەرمەند (حەمەی نێرگز) لە یەکێ لە کەناڵەکاندا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: «لە پێناوی شیعرێکی شەهید (دڵشاد مەریوانی)دا لە سلێمانییەوە بە تایبەتی چووم بۆ بەغدا، ئەوسا (دڵشاد مەریوانی) لەوێ بوو، بینیم و داوای شیعری (خەوی سەوز)م لێكرد، كە شیعرێكی سۆزداریی و خۆشەویستییە، ئەویش یەكسەری پێشكەشی كردم. دواتر كە گەڕامەوە بۆ سلێمانی ئاوازم بۆ دانا و كردم بە گۆرانیی.»
ساڵانی حەفتاكان ئاکاری هونەریی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ لە ئاستێکی باڵادا بوو، بەبێ پرس و رای شاعیران و خاوەن تێکست و دەقەکان، بەرهەمەکانیان نەدەکردە گۆرانیی تا رەزامەندیی شاعیرەکانیان وەرنەگرتایە
مەبەستم لەم بیرهێنانەوەیە ئەوەیە بڵێم: ئەوسای پێش راپەڕین و ساڵانی حەفتا و هەشتاكان، گۆرانیبێژانی كورد پەرۆش بوون بە دوای شیعرێكی جواندا و سەردانی خاوەنەكەشیان دەكرد و داوایان لێ دەكرد، كەچی لە دوای راپەڕینەوە رێك پێچەوانە بۆتەوە!
گۆرانی بێژ هەبووە شیعری شاعیرێكی كردووە بە گۆرانیی، نەك هەر پرسی پێنەكردووە تەنانەت ناویشی لە تایتڵی گۆرانییەكەدا نەنووسیوە!
رۆحی هونەرمەند حەمەی نێرگز و شاعیری شەهید دڵشاد مەریوانی شاد بێت. لەبارەی ئاوازە ناوازەكان و گۆرانییە خۆشەكانی حەمەی نێرگزەوە، هاوڕێی شاعیرم (حەمە عەباس) لە كۆپلە شیعرێكیدا دەڵێت:
گۆرانییەكانی دا بە دەست شنەبایەك
وتی بڕۆن حەڵاڵی هەموو كەسێ بن
ئەوەتا من بووم بە خودانی كۆپلەیەك لە گۆرانیی
«بۆ بێ لەو چاوە كاڵانەت چی شك ئەبەم»