محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، کۆبوونەوەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی شاری کوت دەستیپێکرد.
دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رێککەوتنی نێوان هەرێم و عیراقی سەبارەت بە دۆسێی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان ئیمزاکرد و لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی سودانیدا ئاماژەبەوەدراوە؛ سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات بۆ ئاسانکارییەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسەند کرد.
وردەکاریی رێککەوتنەکە:
دۆسێی نەوت: حکومەتی هەرێم دەستبەجێ تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو کە نزیکەی 230 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. لە بەرانبەردا، وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕی 16 دۆلار وەک پێشینە بۆ هەر بەرمیلێک دەداتە حکومەتی هەرێم. هەروەها بڕی 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت و داهاتەکەی دوای دەرکردنی تێچووەکان دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵی.
داهاتە نانەوتییەکان: حکومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار وەک پێشەکی بۆ داهاتە نانەوتییەکان رادەستی بەغدا دەکات، تا دواتر بەپێی وردبینی یەکلایی دەکرێتەوە.