قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەسەر چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی چینی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لەڕووی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و گەشەپێدانی ئابوورییەوە.
هیوای خواست لە داهاتوودا کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییانی هەرێم سوودمەند بن لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کرا. جێگری سەرۆک وەزیران رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی بۆ کونسوڵی چین روونکردەوە و جەختیکردەوە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو کێشەکان بەپێی دەستوور لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.