شوان تۆفیق
سەرەتای باخچە بوویت و
لە کۆتاییدا بوویت بە باڵندە ...
بایەکی شین هەڵی کرد و
باڵەکانی لێ سەندی و
لەگەڵ خۆیدا تۆی برد
بۆ جێگەیەکی دوور ...
هێند دوور رۆیشتی
تا پەڕەکانت بەئاسمانەوە سووتان،
چاوەکانت نەبوونایە،
کەس برینەکانی سەر پێستتی نەدەناسییەوە.
ئەو رۆژەی دەگەڕێیتەوە ناوێرم
لە پێشوازیتا ئاگرێکی گەورە هەڵبکەم،
تۆ بووی دوای هەڵگیرسانی جەنگ
یەکەم کەس بوویت لە ئاگر دەترسای
تەنانەت لە دەستی چراکانی منیش
هەڵدەهاتی
چونکە ماڵت نەبوو،
لە کۆتاییدا لەناو دڵی خۆمدا هەڵم گرتیت
دەزانی چیت پێ بەخشییم؟
باوشێکی سارد و دوو چاوی پڕ فرمێسک،
بیرتە هەمیشە لە بەندەرەکاندا
بەدوای رەنگی کراسەکانتا دەگەڕام؟
کراسەکانت دارستانم بوون
کە باڵندە تێیاندا دەفڕی و
سمۆرە گوێزی لەناو درەختەکانیدا دەشاردەوە.
کە ناگەڕێیتەوە بۆ ژێر چەترێکی سووری
ساڵانی رابردوو
من لەبەر پەنجەرەی خەونێکی کاڵدا
چاوەڕوانت دەکەم.
جانتاکانت پڕن لەیادەوەریی ئەو رۆژانەی
لە پێدەشتەکاندا راوی پەپوولەت دەکرد و
بەسەر چیمەنەکانەوە
ژێرپێیەکانت سەوز دەبوون.
جارێکیان گۆرانیت وت
لەهەناومدا باران باریی،
گوڵی وردی بچکۆلە لەناو ریشمدا رووان.
ئێوارانێک دڵتەنگ بووی
بەیانییەکەی خۆر شەرمی کرد
پەنای هەورێکی رەش جێ بهێڵێ و
بەیانی باشمان لێ بکات.
تۆ کە بە سڵاوێکت
عەترت لە وەرزی بەهار دەدزی،
تۆ کە بە پێکەنینێکت
هەزار دڵی شکاوت چاک دەکردەوە،
تەنها بەکەڵکی برینەکانی
ناو سینگی من نەهاتی.
بیرتە چەند پایز بەدیار زەنگی
دەرگە داخراوەکانتا
گریام و
نەهاتی دەستەکانم بدۆزییەوە؟
چاوەکانم بەسەر جامی
ئەو ئوتۆمۆبیلانەوە
لێ بە جێما،
کە بۆ شارەکەی تۆ دەهاتن.
دڵم دەدایە بەر بارانی
ئەو پەڵە هەورانەی
لەلای تۆ دەگەڕانەوە.
لەنێوان گەڕانەوە و رۆیشتنی تۆدا،
دەنگی شکانی شتێک هات،
ئاوێنە نەبوو... پشتی من بوو.