دۆخی چالاكوانان لە كۆڵۆمبیا

09:54 - 2022-08-21
جیهان
537 جار خوێندراوەتەوە

كۆڵۆمبیا كە بە یەكێك لە مەترسیدارترین وڵاتان دادەنرێت بۆ چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی ‌و نوێنەرانی رێكخراوە مەدەنییەكان، لە ماوەی كەمتر لە حەوت مانگی ئەم ساڵدا، 122 چالاكوانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا كوژراون ‌و بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ژمارەكە زیادیكردووە. 
لە بەیاننامەیەكدا، نووسینگەی رێكخراوی بەرگریی لە گەل، لە كۆڵۆمبیا ئاشكرایكردووە: لەماوەی نێوان 1ی كانونی دووەم تا 31ی تەمموزی ئەم ساڵ، 122 چالاكوانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەكەیان كوژراون.  
لە هەمان ماوەی ساڵی 2021 دا، 90 چالاكوان كوژراون ‌و كۆی كوژراوانی ساڵی رابردووش گەیشتۆتە 145 كەس، بۆیە بە بەراورد بە ساڵی 2021، ژمارەكە زیادیكردووە. 
بەپێی زانیاریی رێكخراوە ناحكومییەكان، سەركردە كۆمەڵایەتییەكان ‌و بەرگریكاران لە مافی مرۆڤ ‌و ژینگە، ئامانجی ژمارەیەك گروپی چەكدارن، كە لە ناوچە گوندنشینەكاندا چالاكن.
ئاماژە بەوەش دەدەن، كە ئەو كەسانەی لە سوپای شۆڕشگێڕی كۆڵۆمبیا (فارك) جیابوونەتەوە، یان چەكدارانی سوپای رزگاریی نیشتمانی، یان چەند گروپێكی نیمچە سەربازی ‌و بازرگانانی مادە هۆشبەرەكان، بەرپرسیاری سەرەكین لەو كردەوانە، ئەوەش بە دەستدرێژییەكی مەترسیدار بۆ سەر كۆمەڵگە ‌و دیموكراسی دادەنرێت. 
روونیشیانكردۆتەوە: ئەو شوێنانەی زیاتر زەرەرمەندن، كە گروپە چەكدارەكان كێبڕكێ دەكەن لەسەر كۆنترۆڵكردنی بە قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر.
لای خۆشیەوە، گۆستاڤۆ پیترۆ سەرۆكی نوێی كۆڵۆمبیا كە وەك یەكەم سەرۆكی چەپە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، داوای بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەی كردووە، تا ژیانێكی ئارام ‌و دوور لە مەترسی بۆ سەركردە كۆمەڵایەتی ‌و چالاكوانەكان دەستەبەر بكرێت.
سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان