بۆچی قەلەڕەش هێمایە بۆ نەگبەتی؟

12:19 - 2022-08-21
ژینگە
1259 جار خوێندراوەتەوە
#لەلای هەموو نەتەوەکان قەلەڕەش هێمایە بۆ نەگبەتی

ئا: مەریوان مەسعود

هەموومان هەر لە مناڵییەوە وا وێنامان بۆ کراوە کە باڵندەی  قەلەڕەش نەگبەتی دێنێ و هەردەم بۆ پێشبینی خراپ و ناخۆش بەکاردێت، تەنانەت لەناو ئەوانەشی کە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ باڵندە هەیە قەلەڕەشیان خۆش ناوێت و بە باڵندەیەکی (بەد و ناخۆشی هێنەر) ناوی چووەتە مێژووەوە، لە هەموو کەلتور و میللەت و نەتەوەیەکدا ئەم پێشبینییە بۆ قەلەڕەش راستە، بەڵام کەم کەسمان ئەفسانە و رووداوی پشت ئەم لێکدانەوەیە دەزانین، ئەسڵی ئەفسانەکە بەم شێوەیەیە کە قەلەڕەشی تێدا نەگبەت کرا.
ئەفسانەی شومیی قەلەڕەش
وەک هەموو رووداوە مێژووییەکانی تر ئەمەش پەیوەندی بە سەردەمی یۆنانییە کۆنەکانەوە هەیە، کاتێک ئەبو لولو خواوەندی پێشبینی، (قەلە سپی) وەکو هێمایەک بۆ گەیاندنی پەیامی خواوەندەکان بۆ ئادەمیزاد وەسف دەکات و لەو زەمانەدا پیرۆزترین باڵندە بووە، تا رۆژێکیان ئەبو لولو قەلێکی سپی وەکو چاودێری دەنێرێت بۆ سۆراغی خۆشەویستەکەی کە ناوی کۆرۆنیس بووە، کاتێک قەلە سپیەکە دەگەڕێتەوە، هەواڵی زۆر ناخۆشی بۆ ئەبو لولو پێیە و پێی دەڵێت: کۆرۆنیس خیانەتت لێدەکات و پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوێک هەیە ناوی ئیچیس و تەنانەت دووگیانیشە لێی!
ئەم رووداوە بەس بوو تا خواوەندی پێشبینییەکان زۆر تووڕە بێت و لە ئەنجامی تووڕەییەکەی گڕ لە هەردوو باڵی قەلە سپییەکە بەردەدات و بەمەش لەو رۆژەوە هەموو قەلەکان پاشگری رەش چووە تەنیشت ناوەکەیان و بوونە هێمای هەواڵی ناخۆش و نەگبەتی.
چەند تایبەتمەندییەکی قەلەڕەش
هەروەها لە تەفسیری خەونەکانیشدا خەو بینین بە قەلەڕەشەوە بە واتای لە دایکبوونی کوڕێکی سەرسەری یان جیابوونەوەی دوو خۆشەویست هاتووە، دیارە رووداو و پەندی کوردی و بیانی زۆرە لەسەر قەلەڕەش و هەمووشیان ئاماژەدانە بە رۆڵی خراپی قەلەڕەش کە لە بنەڕەتدا سپی بووە.
بۆ زانیاریتان، قەلەڕەش قەبارەی مێشکی بەراورد بە لاشەی لە هەموو باڵندەکانی تر گەورەترە و بە زیرەکترین باڵندەش ئەژمار دەکرێت، هەندێکجار بۆ خۆشی خۆی و کات بەسەربردن ئاژەڵەکانی دیکە بێزار دەکات و زۆرجار بە شەڕیشیان دەدات، باڵندەیەکی کۆمەڵایەتییە و بۆ مردنی هاوتوخمەکانی خۆی بێزار دەبێت، بەپێی توێژینەوەکانیش سەلمێنراوە کە  قەلەڕەش توانای 
فێربوونی هەیە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان