رابیحە حەمەد: یەكێتی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستاندایە

08:36 - 2022-03-27
کوردستان
1619 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی، رایدەگەیەنێت: یەكێتی هەمیشە بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان كاریكردووە و هەموو هەنگاو و بڕیارێكیشی لەپێناوی یەكڕیزیی و پاراستنی مافە رەواكانی میللەتەكەماندا بووە.
رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی ‌و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ئاشكرایە كە هەمیشە یەكێتی هەنگاو و بڕیارەكانی لەپێناوی یەكڕیزیی و پاراستنی مافە رەواكانی میللەتەكەماندا بووە و بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان كاریكردووە. وتیشی: ئەگەر یەكێتی كاری بۆ دەستكەوتی حزبی بكردایە و لە بەژەوەندیی خۆی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا رێكەوتنی بكردایە، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ئەو پۆستانە بەدەستبهێنێت كە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت، بەڵام یەكێتی هەرگیز نەیویستووە بەوجۆرە كار بكات، ئەوەش رێبازی سەرۆك مام جەلال-ە، كە توانیویەتی سیاسەتێكی هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم لایەنە عیراقییەكاندا پەیڕەوبكات، ئەوەش بە رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێتی، هەمیشە جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی بە زۆرینە و كەمینە ناتوانێت مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدەستبهێنێت و پارێزگارییش لە دەستكەوتەكانمان بكەین، پێشتریش سەركردە سیاسییەكانی عیراق لە پێش هەموویانەوە سەرۆك مام جەلال، بیرۆكەی تەوافوقی سیاسییان داڕشتووە و پەیڕەویانكردووە، ئەوەی ئێستاش ئێمە داوایدەكەین بەڕێوەبردنی وڵاتە لەسەر هەمان بنەما، ئەزموونیش دەریخستووە كە بەرژەوەندیی كورد لە تەوافوقدایە، ئەگەر تەوافوقیش نەمێنێت، ئەوا مەترسییەكەی لەبەرچاوە كە كۆی پڕۆسەی سیاسی دەكەوێتە گێژاوەوە.

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان