دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە ئەرمان تۆپچو كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان، كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا، گفتوگۆیان كرد لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، لەوبارەیەوە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، رایگەیاند: پابەندبوون بە رێككەوتنەكان و دوورخستنەوەی پرسی مووچە لە ململانێ سیاسییەكان بەپێویست دەزانین.
تەوەرێكی تری گفتوگۆكان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و پشتگیرییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و توركیادا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جەختكرایەوە لەسەر هەماهەنگی و هاوكاریی هەموو لایەنەكان لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوەی ناوچەكە لە گرژیی و ئاڵۆزییە سیاسییەكان دووربكەوێتەوە.