خەونەکەی ترەمپ بەدی دێت؟

02:09 - 2025-07-31
جیهان
63 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێت خەونی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، بکاتە واقیع و لە ماوەی سەرۆکایەتیی دووەمیدا وەریبگرێت، حكومەتی پاكستانیش بە پێویستی دەزانێت خەڵاتەکە ببەخشرێتە ترەمپ. 
ترەمپ چەندینجار بانگەشەی ئەوەی کردووە كە رێگری لە جەنگی ئەتۆمی کردووە و ژیانی ملیۆنان کەسی رزگارکردووە، هەروەها گلەیی لە وەرنەگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كردووە و وتویەتی: هەرچییەك بکەم، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستناهێنم.
هەوڵەکانی سەرۆكی ئەمریکا
د.زەردەشت تۆفیق بەگ مامۆستای زانكۆ لە ئەمریكا دەڵێت: سەرەتا دەبێت بپرسین بۆچی سەرۆك ترەمپ شایستەی ئەوەیە خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، ئەوە هەوڵی سەرۆك ترەمپ نییە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، بەڵكو هۆكاری ئەو رووداوانەیە، كە لە دەرەوە روودەدەن و لە چارەسەركردنیاندا سەركەوتووبووە، بۆیە شایستەیە ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
وتیشی: ئەگەر تەماشای مێژووی ئەو چوار سەرۆكەی ئەمریکا بكەین، كە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە، دەبینین بۆ هەندێك بابەتی زۆر ئاسایی خەڵاتەكانیان پێدراوە، ئەگەر باسی تیۆدۆر رۆزڤێڵت بکەین، كاتێك خەڵاتەكەی وەرگرت بەهۆی گفتوگۆ و نێوەندگیریی لە کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان (ژاپۆن و روسیا) بوو، بۆ ئەوكاتەش کارێکی سەركەوتووبوو، بەڵام ئەگەر تەماشای سەرۆك ویلسۆن بکەین، كە خەڵاتەكەی وەرگرت، بەهۆی ئەوەبوو نەیهێشت هێزەكانی ئەمریكا بەشداری شەڕەكانی دەرەوە بكەن و بچنە جەنگی جیهانییەوە، بەڵام لە ساڵی (1917)دا ئەمریكا بەشێوەیەكی رەسمی لە شەڕێكی گەورەدا بوو. جیمی كارتەر كاتی خۆی كە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت بۆ ئەوە بوو دژایەتیی كۆمۆنیست و شیوعیەت دەكات، بەڵام كارتەر یەكێك بوو لەوانەی شەرعیەتی دا بە ھۆگۆ چاڤێز لە ڤێنزوێلا، كە حكومەتێكی كۆمۆنیستی بوو، ئۆباماش خەڵاتەكەی وەرگرتووە، ئەگەر ئێمە سەیری بكەین دەبینین ئۆباما چەند مانگێكی كەم سەرۆكی ئەمریكا بووە و یەكسەر خەڵاتەكەیان پێشكەش كرد بەبێ ئەوەی هیچ سەركەوتنێكی وای هەبێت بۆئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشكەش بكرێت، بەڵام سەرۆك ترەمپ شایستەیە كەوا خەڵاتەكە وەربگرێت.
رایگەیاند: چەندین وڵات و كەسایەتی پشتیوانی دەكەن لەوانە سەرۆكی پاكستان، كە دەڵێت: «ئەگەر ترەمپ نەبوایە شەڕی پاكستان و هیندستان بە ئاسانی كۆتایی نەدەهات»، هەر ئەو بوو شەڕی نێوان تایلەند و كەمبۆدیای وەستاند، ترەمپ خاوەنی رێكکەوتننامەی (ئیبراهیمی)یە، كە زۆربەی وڵاتەكانی كەنداو رێكکەوتننامەكەیان ئیمزاكردووە، ئەگەر هەوڵەكانی سەرۆك ترەمپ نەبێت بۆ ئاگربەست، شەڕی غەززە كۆتایی نایەت، بۆیە پێویستە ئێمە بزانین كێ شایستەی خەڵاتی نۆبڵە.
رۆڵی چەپەکانی ئەوروپا
باسی لەوەشکرد، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی چەند ساڵێكە لەسەر پێوانەی دەرئەنجام نادرێت بە كەسەكان، بەڵكو لەسەر پێوانەی ئەوە دابەشدەكرێت، كە چەپەكانی ئەوروپا پشتیوانی كێ دەكەن بۆئەوەی خەڵاتەكەی پێشكەش بكرێت، ئەگەرنا پێویست بوو سەرۆك ترەمپ لە ساڵی (2016)دا خەڵاتەكەی وەربگرتایە. هەروەك دەڵێت: ئەوەی ئاشكرایە هەوڵی سەرۆك ترەمپ نییە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە، بەڵكو دەرئەنجامی سەركەوتنەكانێتی بە شاهیدی وڵاتانی جیهان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان زۆربەی وڵاتانی جیهان نەك لە ئاسیا، بەڵكو لە ئەوروپا و ئەفریقاش، چەند مانگێك پێش ئێستا كێشەیەكی زۆر گەورە هەبوو لەنێوان كۆسۆڤی و سڕبیەكان، كە خەریكبوو دیسان شەڕ دەستپێبكاتەوە، بەڵام بەهەوڵی سەرۆك ترەمپ كێشەكە چارەسەركرا. لە ئەفریقا شەڕی نێوان رواندا و کۆنگۆ، كە تەمەنی نزیكەی (40) ساڵە، سەرۆك ترەمپ كۆتایی بەو شەڕەش هێنا، ئەگەر باسی سەركەوتنەكانی بكەین لەسەر شانۆی جیهانی، ئەوا خەڵك و سەركردەكانی جیهانە، كە پێشنیاردەكەن بۆ ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، لەوانەیە خۆیشی هەستی هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، بەڵام بە بۆچوونی شایستەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیە.
ئەو خەڵاتە چییە؟
خەڵاتی «نۆبڵ بۆ ئاشتی» یەكێكە لەو پێنج خەڵاتەی ئەلفرێد نۆبڵ دایناوە، سەرجەم خەڵاتەكانی نۆبڵ ساڵانە لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید دابەش دەكرێن، تەنیا خەڵاتی ئاشتی لە شاری ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج دابەش دەكرێت، کە بریتییە لە مەدالیایەکی زێڕ و بڕوانامەیەك، کە وتەیەک لەخۆدەگرێت لەگەڵ بڕێک پارە.
شایستەیی ترەمپ بۆ خەڵاتەکە
وەلید زەرزور راهێنەری نێودەوڵەتی و جێگری سەرۆکی تۆڕی باڵیۆزانی دار ئەلسەلام بۆ کوردستانی نوێ وتی: شیکردنەوەیەکی بابەتی و قووڵ هەیە لەبارەی کاروانی ژیانی سیاسی و دیپلۆماسیی دۆناڵد ترەمپ، کە دەریدەخات مەرجە بنەڕەتییەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی تێدا نییە، تەنانەت بۆچوونی زاڵ ئەوەیە، کە شایانی نییە.
راشیگەیاند: یەكێك لە مەرجەکانی پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ تاکەکەس یاخود رێکخراوەکان، بەردەوام بوونە لەسەر پتەوکردنی ئاشتیی جیهانی، بەڵام دەرئەنجامی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بەو شێوەیە نین، کە پێویستن. نمونەی بە رێککەوتننامەکانی ئەبراهام (ئیبراهیم) هێنایەوە، کە لەنێوان ژمارەیەك دەوڵەتدا ئیمزاکراوە لە بنەمادا هیچ شەڕ و جەنگێك لەنێوانیاندا نییە، هەرچەندە رێککەوتنەکان بە هەنگاوی دیپلۆماسییش وەسف دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتننامانە گەوهەری ململانێی عەرەبی-ئیسرائیلییان چارەسەر نەکردووە، کە خۆی لە پرسی فەلەستیندا دەبینێتەوە. وتیشی: دیدارەکانی ترەمپ لەگەڵ کیم جۆن ئون سەرکردەی کۆریای باکوور زیاتر لە نمایش دەچن لەوەی بنیاتنەر بن و نەبوونەهۆی رێککەوتننامەیەکی راستەقینەی بواری ئەتۆمی.
زەرزور پێیوایە، گوتاری سیاسیی ترەمپ دژی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییە، تەنانەت لە هەندێك رێککەوتننامەی جیهانی کشاوەتەوە، کە پاڵپشتێکی گەورەی ئاشتیی نێودەوڵەتین وەك وازهێنان لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها بە گوتارە توندەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکیشی تووشی لێکترازان کردووە.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم

د. زەردەشت تۆفیق بەگ

وەلید زەرزور

بابەتە پەیوەندیدارەکان