حكومەتی لیشبۆنە رایگەیاندووە، كە لە رۆژانی داهاتوودا پورتوگال رووبەڕووی شەپۆلی سێیەمی گەرما دەبێتەوە و لە رێگەی مۆبایلەوە، نامەیان بۆ هاووڵاتیان ناردووە و لە مەترسیی ئەو شەپۆلی گەرمایە ئاگاداریان كردوونەتەوە. هەروەها هۆشداریی دراوەتە هاووڵاتیانی نیشتەجێی نزیك دارستانەكان، لە ئەگەری ئاگركەوتنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە.
روونیشیكردۆتەوە: پێدەچێت پلەی گەرما بگاتە 38 پلەی سەدی، لەگەڵ هەڵكردنی بای بەهێز، بۆیە لە ئەگەری هەر ئاگركەوتنەوەیەكدا، زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و كۆنترۆڵكردنی سەخت دەبێت.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی لیشبۆنە، شەپۆلی گەرما و وشكەساڵی هۆكاری چەندین رووداوی ئاگركەوتنەوە بوون و لەم ساڵدا زیاتر لە 92 هەزار هێكتار زەوی سووتاون و تەنها لە ناوچەی سێرا دا ئەسترێلا، لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا 28 هەزار هێكتار زەوی كشتوكاڵی سووتاوە، كە دەكاتە زیاتر %25ی رووبەری هەموو ناوچەكە.
جێی ئاماژەیە، بەهۆی وشكەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، لە چەندین دارستان و زەوییە كشتوكاڵییەكانی وڵاتانی ئەوروپادا ئاگركەوتۆتەوە و بەپێی ئامارەكانیش، تەنها لە ئیسپانیا و پورتوگال 284 هەزار و 764 هێكتار زەویی كشتوكاڵی سووتاون.
سەرچاوە: ئاژانسەكان