ئەمڕۆ 11 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدیماندا، لەم رۆژەدا بەشكۆوە یادی قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەكەینەوە، كە لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عیراق كەوتنە بەر شاڵاوی هێرش و پەلاماردانێكی دڕندانە.
خوشك و برا ئێزدییەكانی شەنگال و دەوروبەری، یەكەم قوربانیی دەستی تیرۆریستانی داعش بوون لە ناوچەكەدا، هاوشێوەی ئەنفال و كیمیابارانكردنی نەتەوەكەمان بە دڕندانەترین شێوە لە خاك و نیشتمانی خۆیان كەوتنەبەر جینۆسایدكردن و ئاوارەیی و دەربەدەری، بێ جیاوازی كۆمەڵكوژكران و شوێنە پیرۆز و مێژووییەكانیان لێ خاپوور كرا.
لێرەدا گرنگە خاڵەكانی نێو رێككەوتننامەی شنگال وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، لەپێناو ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی سەرشانی حكومەتی عیراقە كە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری قوربانییانی ئەم تاوانە بكاتەوە، لە هەمان كاتدا پێویستە هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق، لە هەوڵەكانی بەردەوام بێت بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی رفێنراوەكان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەنگال و گشت شەهیدانی كوردستان بێت، سەربەرزیش بۆ كەسوكارەكانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان