لە یادی حەوت ساڵەی ماڵئاوایی جوامێرێكدا

یادت بەخێر بەرزنجی

12:02 - 2025-08-04
ڕاپۆرت
26 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 1/8دا، تێكۆشەری دیار و ماندووی سەرەتای شۆڕشی نوێ، حەمەعەلی بەرزنجی كۆچی دوایی كرد.
ئــــــەو تێكۆشــــــەرە، بــــــە درێــــــژایی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش تا رۆژی لە ماڵئاوایی، لە كاروانەكەدا بوو، لەو رێگەیەشدا ماندووبووە، رووبەڕووی مەترسی و تارمایی مەرگ بۆتەوە، بۆخۆی لە زیندانەكانی ئێرانی سەردەمی شا و زیندانی نەیاری ناوخۆیی بەندكراوە، دایك و باوكیشی، لەبەر ئەو و لەلایەن بەعسەوە دەستگیر و زیندانی كراون.
بەگشتی و لەپێناو كوردایەتیدا، دووچاری دەربەدەریی و نەهامەتیی زۆر بوونەوە، بەڵام حەمەعەلی بەرزنجی هەر كۆڵی نەداوە و سوورتر بوو لەسەر بیروباوەڕە نەتەوەییەكەی.
پوختەی ژیاننامەكەی
تێكۆشەری نەمر، حەمەعەلی محەمەد حەمەئەمین ناسراو بە حەمەعەلی بەرزنجی، لە دایكبووی ساڵی 1957ی بنەماڵەیەكی جووتیار و هەژاری شارۆچكەی بەرزنجەیە، تا پۆلی دووەمی ناوەندیی خوێندووە.
ساڵی 1976 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی كوردستانەوە كە باڵێكی سەرەكیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
ساڵی 1977 بووە بە پێشمەرگە لە سنووری هەرێمی دووی كەركوك.
دوای پـــــەیوەندیكـــــردنـــــی بــــــە هێزی پێشمەرگەوە، رژێمی بەعس دایك و باوكیان گرت و ماوەی ساڵێك و شەش مانگ لە سەماوەی باشووری عیراق، زیندانی كران.
ساڵی 1978 یەكێك بووە لە پێشمەرگە بەشداربووەكــــانی کــــــاروانی هەكاری، كە تیایدا زۆرینەی هێزەكەی یەكێتی بە غەدر شەهیدکران و بەشێكیشیان بە دیلی گیران.
حەمەعەلی بەرزنجی یەكێك بوو لە دیلەكان و دوای دوومانگ زیندانی، لەگەڵ دوو هاوڕێی دەرفەتیان بۆ رێكەوت و خۆیان دەربازكرد، بەو نیەتەی بگەنەوە سەركردایەتی شۆڕشی نوێ لە قەندیل، رێگەیان گرتەبەر، بەڵام بەهۆی نەشارەزاییان لە ناوچەكە، بە هەڵە چوونە سنووری ئێرانەوە و هێزەكانی ئەو وڵاتە، دەستگیری كردن.
لە ئەنجامی لێوەشاوەییان لە كاتی لێكۆڵینەوەدا و بەهۆی یارمەتیی سەربازێكی كوردی سوپای ئەوكاتەی ئێرانەوە، لە مەترسیی رادەستكردنەوە بە دەوڵەتی عیراق رزگاریان بوو، بەڵام تا رووخانی رژێمی شا لە زینداندا هێڵدرانەوە و دواتر ئازاد كران.
بە ماوەیەكی كەم دوای ئازادبوونی، لــــــە هەرێمـــــی یەكــــــی هەورامان چەكی پێشمەرگایەتیی كردەوە شان و ساڵی 1981 كرایە فەرماندەی مەفرەزە.
ساڵی 1982 و دوای پێكهێنانی تیپەكان، كرایە فەرماندەی كەرتی چواری تیپی 33ی سلێمانی و ساڵی 1983 كرایە جێگری فەرماندەی هەمان تیپ.
ساڵی 1985 دوای رێكخستنەوە و تێكەڵكردنی هەردوو تیپی 31ی بەرزنجە و 33ی سلێمانی و پێكهێنانی تیپی 31ی سلێمانی لە جێگەیان، كرا بە جێگری فەرماندەی تیپەكە و ماوەیەكیش سەرپەرشتیاری تیپەكە بووە لەگەڵ هاوڕێیەكیدا.
دوای ئەنفال چووە ئێران و لە ساڵی 1991یشدا بەشدارییەكی كارای راپەڕینی كردووە.
ساڵی 1992 كرایە فەرماندەی هێز لە بەتالیۆنی حەوتی سلێمانی و دواتریش چەندین پلەی دیكەی پێ سپێردراوە.
ساڵی 1998 بە پلەی لیوا خانەنشینكراوە، دوای ئەوەش لە كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان، خزمەتی كردووە.
بە درێژایی ماوەی خەباتی پێشمەرگایەتیی، لە زۆربەی شەڕ و نەبەردییەكاندا رۆڵی كارا و فەرماندەی بینیوە.
رۆژی 1/8/2018، كتوپڕ لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەلیم بەگ، بە خاك سپێردرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان