ئەمڕۆ بە دڵێكی پڕ لە خەمەوە یادی حەفتاوچوارەمین فرمان، واتە جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییەكانمان دەكەینەوە. یادی كۆمەڵكوژییەك، كە یانزە ساڵ لەمەوبەر، لە 3ی ئابی 2014 بەرامبەر گەلە بێتاوانەكەمان لە شەنگال و دەوروبەری ئەنجامدرا.
سەرەتا سڵاو دەنێرم بۆ ئەو ئازیزانەی لەو شاڵاوە وەحشیانەدا بەناحەق شەهیدكران، سەری رێز بۆ قوربانییەكان دادەنەوێنم، بەتایبەتیش بۆ ئەو كیژۆڵە پاكیزە و نازدارانەمان كە چەتە دڕندە و تیرۆریستەكانی داعش بە دیلی بردنی و تا ئەمڕۆش چاومان هەر لەڕێی گەڕانەوەیانە.
ئەگەرچی هەموو ئەو فرمان و جینۆسایدانەی پێشتر، كە بەسەر خوشك و برا ئێزدییەكانماندا هاتوون، هەمووی هەر یەك خەم و یەك كوڤان و یەك ئازاریان هەیە، بەڵام دوایین فرمان كە بەدەستی تاریكپەرستانی داعش، دژی خەڵكی بێتاوان و سڤیلی شەنگال و دەوروبەری لە 3ی ئابی 2014 بە بەرچاوی گەلانی دنیاوە ئەنجامدرا، ئازارەكەی لەوانیتر زۆر زیاتر و سەختتر و بەسوێترە. جارێكیتر بیری هێناینەوە كە مەترسی لەناوچوون و سڕینەوەمان كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە و لە رۆژگارێكی ئاوا رەشیشدا لە تەنیایی تەنیاترین.
چما ئەگەر چیا رووتەن و بێ ئاو و بێ درەخت و بێ سێبەرەكەی شەنگال، لەو گەرمایەی رۆژانی سەرەتای ئاب نەبوایە، كە بووە تاكە پەناگە بۆ هەندێك لە خوشك و برا ئێزدییەكانمان، كام هێزی ناوچەیی و جیهانی، جگە لە چەند شەڕڤانێكی گیانفیدا، لە سەرەتای ئەو رۆژ و شەوانەی كە داعش لە شەنگال و كۆجۆ و دەوروبەری ترس و مەرگی دەچاند، بە هانای خەڵكەكەمانەوە چوو؟ لە راستیدا هەر ئەم نائومێدییە وای لە دانیشتوانی ئەو دەڤەرە كردووە، كە بەناچاری پەنا بۆ بژاردە دروستەكە ببەن و ئیتر بەتەنیا بۆ پاراستنی سەر و ماڵ و كەرامەتیان پشت بە خۆیان و هێزی خۆیان ببەستن.
جێی خۆشحاڵییە، كە ئەمریكا و چەندین وڵاتی گەورە و گرنگی ئەوروپا ئەم تاوانەیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕینی 11 ساڵ بەسەر ئەم كۆمەڵكوژییەدا، هێشتا برینەكانی خەڵكی شەنگال نەك هەر ساڕێژ نەبوون، بەڵكو رۆژ دوای رۆژ ئازاریان زیاتر دەبێت.
هێشتا پەرلەمانی عیراق ئەم كۆمەڵكوژی و تاوانە گەورەیەی بە رەسمی وەك جینۆساید نەناساندووە. لەكاتێكا ئەوە ئەركی سەرەكی پەرلەمانی عیراقە تا بە دەركردنی یاسایەك وابكات حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عیراق بەرپرسیارێتی ئەو كەیسە لەئەستۆبگرن، بۆئەوەی جارێكیتر تاوانی لەو شێوەیە روونەداتەوە. هەروەها لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانە بكەن كە بەر خوشك و برا ئێزدییەكانمان كەوتوون. جگە لەوەش هاوكار بن بۆ گەڕانەوەی رووفاتەكان و گەڕانەوەی ئەو كیژۆڵە پاكیزانەی هێشتا لە بەندی تیرۆریستانی داعشدان.
لە كۆتاییدا سڵاو بۆ رۆحی پێشمەرگە شەهیدەكانی شەڕی رزگاریی دژی داعش و هێزی هاوپەیمانان كە لە رۆژانی دواییدا هاوكارمان بوون.
دڵنیام لەوەی وەك چۆن دەستی بەهێزی دادپەروەری، دوای نزیك بە چل ساڵ عەجاج (جەلادەكەی نوگرەسەلمان)ی تەسلیم بە دادگا كرد، ئەو رۆژەش دێت هەمان دەست، تیرۆریستانی قین لەدڵی داعشیش، یەك لەدوای یەك لەبەرچاوی خوشك و برا ئێزدییەكانمان دادگایی دەكرێن. بۆ ئەو ئامانجەش هەرچیم لەدەست بێت هەرگیز درێغی ناكەم.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد