خاتوونێك 650 ژن، فێری بەرگدروویی دەكات

10:34 - 2025-08-06
هەمەرەنگ
38 جار خوێندراوەتەوە

رۆژان عەلی مەحمود، دانیشتووی ناحییەی رزگارییە، دەرچووی زانكۆیە، تا ئێستا 650 كەسی فێری دروومان و بەرگدروویی كردووە و 50 فێرخوازیش لە رێگەی ئەوەوە بوونەتە خاوەنكار و پیشەی بەرگدرووییان هەڵبژاردووە. 
رۆژان بە دوالاپەڕەی وت: تەمەنم 34 ساڵە، دانیشتووی ناحییەی رزگارییم، بڕوانامەی بەكالۆریۆسم لە زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە، 11 ساڵە بەرگدرووییم وەك پیشە هەڵبژاردووە، دوو كتێبم لەبارەی چۆنێتی فێربوونی دروومان بە شێوەیەكی دروست نووسیوە. سەرەتای فێربوونی دروومانم بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە لە ماڵەوە مەكینەمان هەبوو، لە مێژ بوو خولیای فێربوونی دروومان لە مێشكی دابووم، بەبێ ئەوەی لای كەسێك خولم بینیبێت، خۆم فێری بەرگدروویی كرد، تا ئێستا زیاتر لە 17 خولم بۆ فێرخوازان كردۆتەوە و 650 كەس لای من وەك فێرخواز فێری بەرگدروویی بوون و لەو ژمارەیەش 50 كەسیان بوون بە خاوەنكار.  
 وتیشی: بیرم لەوە كردەوە لەناو كتێبخانەی کوردیدا سەرچاوەمان لەبارەی دوورین زۆر كەمە، بۆیە وەك یەكەمین كچ لە گەرمیان بڕیارمدا هەم سوود لە وانەكانم ببینم بۆ نووسینی كتێب و هەم وەك ئەرشیفیش بمێننەوە، بۆیە دوو كتێبم بە ناوەكانی (ئاسانترین رێگە بۆ فێربوونی دروومان) و (لەگەڵ رۆژان، بە ئاسانترین رێگە فێری بڕین و دروومان ببە)، نووسی، كتێبی یەكەمم، كتێبێكی سەرەتاییە بۆ ئەوانەی كە هیچ لە دروومان نازانن، لە كتێبی دووەمیشدا بە ئاسانترین رێگە فێری بڕین و دوورینی هەموو مۆدێلەكانی جل دەبن بە شێوەی نووسین و وێنە، ئامانجم لە نووسینی ئەو كتێبانە ئەوەیە كە فێرخواز رەنگە بەهەر هۆیەك بێت نەتوانێت بەشداری خولەكان بكات و ئەمەش كارئاسانییەكی باشە بۆیان. داواكارم لایەنە پەیوەندیدارەكان چ لە حكومەت و چ لە رێكخراوەكانی مەدەنی هاوكارم بن بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتر لە كتێبەكان چاپ بكەم و بڵاویانبكەمەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سوودی لێ ببینن.  
 گەرمیان، حسێن عەزیز

بابەتە پەیوەندیدارەکان