دوێنێ، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، تیروپشكی بۆ پێدانی ژمارە بە حزب و هاوپەیمانی و كاندیدە سەربەخۆكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە لیستی ژمارە 222 بەشداریی لە هەڵبژاردنەكەدا دەكات.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەركوك و دیالە بە لیستی سەربەخۆ بە ناوی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ژمارە 222 بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، لە پارێزگای نەینەواش یەكێتی، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بە ناوی (هاوپەیمانیی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا) بە ژمارە 281 بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكات.
یەكێتی لە پارێزگای سەڵاحەدین یەك كاندیدی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (جەماوەری نیشتمانی)دا هەیە، لە پارێزگای بەغداش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەك كاندیدی هەیە.
بڕیارە رۆژی 11/11/2025، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت و ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.