دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە دیدارێکی زانستیی ژینگەیی ئەنجامدەدەن

11:05 - 2025-08-09
کوردستان
50 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شەممە بە سەرپەرشتی باڵیۆز د.محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و د.عەلی وەهاب مەندەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ژینگەی ناوچەی باشووری عیراق و نوێنەری وەزیری ژینگەی عیراق و هەڵكەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان
لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە دیدارێکی زانستیی ژینگەیی لەژێر ناوی "گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پرسەکانی ژینگە" لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

لەسەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆز د.محەمەد سابیر وتاری هاوبەشی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی کەریمی عەلەکەی خوێندەوە و وتی: "ئەم دیدارە لە ئێستادا لەم وەرزەدا پێویستییەکی گرێدراوە بە ژیانی تاک بەتاکمانەوە کە ناوچەکەمان رووبەڕووی کارەساتی وشکەساڵی بووتەوە دەربازبوون لێ پلان، کار و هەوڵی جدی دەوێت و بۆ پاک راگرتنی ئاو، هەوا و خاک".

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتیشی: "ئەوەی ئەرکی سەرشانی ئێمە و ئێوەشە دەبێت ببینە ژینگەپارێز، ژینگەناس، دۆستی ژینگە و خۆشەویستیان بۆ ژینگە هەبێت، هەوڵی پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە و سەوزکردنی وڵاتەکەمان بدەین، جا چ بەڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕێنماییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە یان هۆشیارکردنەوەی کەسانی دەورووبەرمان و لەڕێگەی راگەیاندنەکان و هەڵواسینی پوستەر لە شوێنە گەشتیارییەکان".

باڵیۆز د.محەمەد سابیر باسی لەوەش کرد: "لای هەموان ئاشکرایە ١٦ی  نیسان وەک رۆژی ژینگە ناسێندراوە، پارت و رێکخراو ژینگەییەکان چالاکییەکانیان لەو رۆژەدا چڕدەکەنەوە، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوەیە هەموو رۆژەکانی ساڵ بکەینە رۆژی ژینگە لەبەر پێویستی و وابەستەبوونی ژیانمان بە ژینگەوە".

د. عەلی وەهاب مەندەلاوی وتەیەکی لە دیدارەکەدا پێشکەش کرد وتی: "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ قسەتان بۆ دەکەم لەسەر پرسێک کە بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو تەحەددیانەی کە لەم سەردەمەدا رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، ئەویش قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوایە".

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ژینگەی باشوور وتیشی: "لە عیراقدا، ئێمە رووبەڕووی شوێنەواری بەرچاو و توندی ئەم دیاردەیە دەبینەوە. گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئاو، کەمبوونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەبیابانبوون و تێکچوونی رووەکی سروشتی، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرمای بەرز کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان و کوالێتی ژیانیان هەیە، سەرەڕای تێکچوونی زەوییەکان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان".

هەڵكەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکیدا لە دیدارەکەدا وتی: "کاریگەرتر لە هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستاندا نەبوونی بودجە و یاسای بودجەیە کە رۆڵی دامەزراوەکانی حکومەتی لاواز و کەم تواناکردووە".

هەڵکەوت عەبدولڕەحمان وتیشی: "هیوادارم هەردوو دامەزراوەکە ئەم کارەبکەن دەستپێکی کارەکانیان و بە هەمەهانگی حکومەتی ناوچەیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا".

"گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و پرسەكانی ژینگە" دیدارێکی ژینگەیی زانستیی هاوبەشیی هەردوو "دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی" و  "دامەزراوەی كەریمی عەلەكە"یە.

لەم دیدارەدا کە ئەمڕۆ پێشکەشکرا كۆمەڵێك توێژەری تایبەتمەند، دید، سەرنج و پێشنیازەكانی خۆیان دەربارەی ئەم پرسانە و چۆنێتیی چارەسەر، لێکەوتەکان و هۆشیاریی دەربارەیان خستەڕوو
توێژەرە بەشدارەکانی ئەم دیدارە: د. کارزان عەبدوڵڵا- لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی توێژینەوەکەی بە ناونیشانی (کاریگەریی کەشوهەوا لەسەر تەندروستیی مرۆڤ) پێشکەشکرد. د. ژینۆ خالید - لە زانکۆی سلێمانی توێژینەوەکەی بە ناونیشانی (چارەسەرە سرووشتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا - خۆگونجاندن) پێشکەش کرد د.رازان عومەر، لە زانکۆی سلێمانی توێژینەوەکەی بەناونیشانی (رۆڵی خاک لە گۆڕانی کەشوهەوادا) پێشکەشکرد  د.موتەلیب ڕەفعەت- زانکۆی گەرمیان. توێژینەوەکەی بەناونیشانی (گۆڕانکارییەکانی کوشوهەوا و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەی گەرمیان) پێشکەش کرد. م. ی. یەریڤان شاسوار- ماستەر لە پیسبوونی کەشوهەوا  توێژینەوەکەی بەناونیشانی (گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەریی لەسەر پیسبوونی هەوا) پێشکەشکرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان