دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاریفەی نوێی بەڕێژەی 10 بۆ 41 %ی بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتاندا سەپاند و بۆ عیراقیش 30 % دیاریکردووە، کە لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەم راپۆرتەدا زیانەكانی ئەو بڕیارە بۆ عیراق دەخرێنەڕوو:
رێكکەوتنی ئەمریكا و وڵاتان
د.بیلال رەئوف ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ بە كوردستانی نوێ-ی وت: لە 2ی 4ی ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پاكێجێكی گەورەی تاریفەی بازرگانی راگەیاند، لەسەر بنەمای ئەوەی وڵاتانی جیهان چەند تاریفەی گومرگییان خستوەتە سەر كاڵای ئەمریكی، ئەو لەبەرامبەردا نیوەی ئەوە تاریفەی گومرگی دەخاتەوە سەر كاڵای ئەو وڵاتانە، بۆئەوەی وڵاتان ناچاربكات كاڵا و شمەكی ئەمریكی بكڕن و كەمتر كاڵا و شمەکی ئەو وڵاتانە بچێتە ناو ئەمریكاوە بە هەرزانتر، بێگومان سەرەتا هەفتەیەكی دیاریكرد بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن و دواتر (90) رۆژی دیکەی تازە كردەوە بۆئەوەی ئەو وڵاتانە بكەونە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا و زۆربەی ئەو وڵاتانەش كەوتنە گفتوگۆ بە تایبەتی (10) وڵاتە گەورە ئابوورییەکەی جیهان کە بە رێژەیەكی كەمتر لەوەی ترەمپ سەپاندبووی، لەگەڵ ئەمریكا رێكکەوتن، كۆمەڵێك وڵاتی دیکەش ماونەتەوە و نەچوونەتە دانوستان و گفتوگۆوە لەگەڵ واشنتۆن.
عیراق چەند زیان دەکات؟
وتیشی: ئەگەر ساڵی رابردوو وەكو پێوەر وەربگرین بۆ مامەڵەی بازرگانی نێوان ئەمریكا و عیراق، حەوت ملیار دۆلار مامەڵە لەنێوانیاندا هەبووە، شەش ملیار دۆلاری نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان بووە، كە لە عیراقەوە هەناردەی ئەمریكا كراوە، لە پاكێجی تاریفەی گومرگی ترەمپ-یش، سوتەمەنی ناگرێتەوە، واتە ئەو رێژەیەی لەسەر عیراق دیاریكردووە، كە بەشی زۆری بازرگانییەكەیان نەوت و بەرهەمە نەوتییەكانە، ناچنە چوارچێوەی ئەو رێژە دیاریكراوەی تاریفەی گومرگییەوە، كە لەسەر كاڵای عیراق دیاریكردووە، بۆیە كاریگەریی لەسەر پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی عیراق و ئەمریكا دروست ناكات، بەهۆی ئەوەی زۆرترین بازرگانی لەنێوان عیراق و ئەمریكادا سوتەمەنییە و مامەڵەی هەردوولاش زۆر نییە و تەنها حەوت ملیار دۆلارە، بەڵكو دەرفەتێكی باشتر دەبێت بۆئەوەی عیراقییەكان هانی ئەمریكییەكان بدەن وەبەرهێنانی زیاتر لە عیراقدا بكەن بۆئەوەی تاریفە گومرگییەكان كەمتر ببێتەوە، كاڵا ئەمریكییەكان لە بازاڕەكانی عیراقدا زیاتربێت بەوپێیەی عیراقیش پێداچوونەوەی كردووە بە باج و گومرگی سەر كاڵا ئەمریكییەكان.
یەكەمجارە بڕیاری لەو شێوەیە بدرێت
پرۆفیسۆر د.كەمال عەبدوڵڵا توێژەری ئەكادیمی بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەم سیاسەتەی دۆناڵد ترەمپ جێبەجێی دەكات، عورفێكی تازەیە و لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا ئەوە نییە دەوڵەتێك بە ویستی خۆی باج دابنێت لەسەر كاڵای وڵاتان، چونكە هەمیشە دانانی باج بەپێی رێكکەوتن دەبێت لەنێوان دوو وڵاتدا، یاخود زیاتر لەنێوان خۆیان رێكکەوتوون رێژەیەك باج لەسەر كەلوپەلی هاوردەكراوی یەكتر دادەنێن، بەڵام وڵاتێكی وەكو ئەمریكا، كە لەلایەن سەرۆكەكەیەوە بڕیارێكی وا دەدرێت، ئەوە نوێیە و یەكەم حاڵەتە تائێستا روویدابێت بەو شێوەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا.
هەڵوێستی وڵاتان
ئەوەشی روونکردەوە، ترەمپ بۆیە ئەو بڕیارەی داوە، بۆئەوەی ئابووریی وڵاتەكەی گەشەبكات، بەو بڕیارەش ئابووریی وڵاتانی دیکەی وەكو (روسیا، چین، یەكێتیی ئەوروپا، كەنەدا و بەرازیل) كە ئابوورییەكی گەشەسەندوویان هەیە، وادەكات بەهۆی ئەو باجەوە لە گەشە بیانوەستێنێت، چونكە ئیتر هاووڵاتیان ناچن كەلوپەلی ئەو وڵاتانە بكڕن بەهۆی تێچووی زۆرەوە، ئەوەش سیاسەتێكی نێگەتیڤی ئەمریكایە.
وتیشی: ئەگەر چین، هیندستان، ئێران و چەند وڵاتێكی دیکە كۆببنەوە و دژی ئەو بڕیارەی ترەمپ بووەستنەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمریكا تووشی زیانی زۆری ئابووری دەبێت، راستە ئێستا یەكێتیی ئەوروپا بەو بڕیارە قایلە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەوان گیرۆدەی شەڕی ئۆكرانیا و روسیان، بۆیە ناتوانن پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریكا كاربكەن و هەوڵی نزیكبوونەوە لە واشنتۆن دەدەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر جەنگی روسیا و ئۆكرانیا كۆتایی پێبێت، ئەوا ئەوان هەڵوێستێكی دیکەیان دەبێت دژی بڕیاری ترەمپ دەوەستنەوە، وەك چۆن لە ساڵانی پێشوودا چەندینجار هەڵوێستیان هەبووە دژی بڕیار و سیاسەتەكانی ئەمریكا، یەكێك لەوانە كاتی پرۆسەی ئازادیی عیراق، چەندین وڵاتی ئەوروپایی رازی نەبوون لەسەر ئەو بڕیارەی ئەمریكا و دژی وەستانەوە، كەنەدا بەو بڕیارە رازی نییە و دەڵێت ئێمە گفتوگۆ دەكەین لەسەر ئەم بابەتە، عیراق بەناچاری ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكات و چەندین دەوڵەتی دیکەش وەك عیراق ناچارن بڕیارەکە قبووڵ بكەن، بەڵام بۆ چین وانییە، چونكە پەیوەندیی ئابووریی چین و ئەمریكا ساڵانە سەرووی تریلیۆنێك دۆلارە، بۆیە چین گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ ئەمریكادا دەكات.
پرۆفیسۆر د.كەمال عەبدوڵڵا پێیوایە ئەو بڕیارە بۆ دۆناڵد ترەمپ بەئاسانی ناچێتەسەر و سەركەوتوو نابێت لەو بڕیارە تاكلایەنەیەدا، ئەگەر لەسەر ئەو بڕیارەش بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە لەنێوان چەند وڵاتێكدا هاوپەیمانی دروست دەبێت بۆ دژایەتیی ئەو بڕیارە و كشانەوەی ترەمپ لەو بەرنامەیەی، كە دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر وڵاتاندا.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم