ئا: ئارۆ سامان
قەزای مەندەلی، دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی خانەقین، قەزایەكی بەناوبانگە بە كشتوكاڵ، هەرچەندە لە ناوچەكەدا چەندین سەرچاوەی تری گرنگی سامانی سروشتی هەیە، بەڵام دەستڕەنگینی و ئەزموونی خەڵكەكەی لە كشتوكاڵدا نەك تەنیا لەسەر ئاستی ناوچەیی، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق و جیهانیش ناوبانگیان هەیە، بەتایبەت بەرهەمی خورما و لە نێویانیشدا جۆری مێخەكی رەش.
سفت و سركاوی
وەك لە فۆلكلۆری كوردیدا دەڵێن: «خورمای مەنەلی سفت و سركاوی»، جۆرەكانی خورما لەم شارە هاوشانی باخە فراوانەكانی بەسرە، بەخۆشترین و بەتامترین خورما دادەنرێن لە عیراقدا.
رەزوان حەمد كە خەڵكی رەسەنی قەزای مەندەلییە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: خورمای مەندەلی كە چەندین جۆری بەناوبانگی هەیە، جۆرەكانی بەوە ناسراون كە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بە تایبەتیش خورمای مێخەكی رەش، خواردنی پاشاكان، ئەم جۆرە شل نییە، شیرینییەكەی تایبەتە، دەتوانیت چەند دانەیەكی بە ئاسانی لێبخۆیت، ئەمەش پەیوەندیی بە جۆری زەوی و كەشوهەوای ناوچەكەوە هەیە.
وتیشی: بۆیە ئەم جۆرە خورمایانەی لە مەندەلی هەن، سوڕی پێگەیاندنی بەرهەمی خۆیان بە باشی و بە شێوەیەكی رێكوپێك تەواو دەكەن، چونكە باخەوانەكانی ناوچەكە شارەزاییەكی زۆریان هەیە.
سەدان ساڵە
عەلی مەندەلاوی شارەزا لە بواری كشتوكاڵدا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: عیراق سەدان ساڵە بەناوبانگە بە چاندنی چەندین جۆری خورما، كە بەرهەمێكی سەرەكیی كشتوكاڵییە لە چەند پارێزگایەكدا. بەهۆی ئەوەی سەدان جۆری خورمای عیراقی لە پارێزگای دیالە دەچێنرێت، جۆری «مێخەكی رەش» جێگای تایبەتی هەیە وەك گرانترین جۆری خورما لە عیراقدا.
ئەوەش باس دەكات: نرخی هەر كیلۆیەك خورمای مێخەك، لە نێوان 30 بۆ 50 هەزار دیناردایە، هەڵبەت بە پێی پێگەیشتن و كواڵێتییەكەی نرخەكەشی دەگۆڕێت. پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم وەرزەدا نرخەكەی بەرزتر ببێتەوە.
ئەو شارەزایە وتیشی: وەرزی خورما لە سەرەتای دەستپێكردنیدایە، بەڵام خورمای مێخەكی رەش چەند رۆژێ زیاتری دەوێت تا بچێتە قۆناغی پێگەیشتنەوە، زۆر حەزی بە گەرمایە.
مێخەكی رەش، بە جۆرێكی دەگمەنی خورما دادەنرێت لە قەزای مەندەلی كە ناوەندی چاندنەكەیەتی.
دیاریی بۆ دۆستان
عەلی ئەحمەد كە لە بازاڕی مەندەلی كاردەكات، دەڵێت: بەهۆی دەگمەنی و كواڵێتی و گرانی نرخی مێخەكی رەشەوە، زۆرێك لە كڕیاران وەك دیاریی بۆ خزم و هاوڕێیانیانی دەكڕن، هەندێك بە خورمای پاشا ناوی دەبەن، چونكە هەموو كەسێك توانای كڕینی نییە.
عەلی ئەحمەد وتیشی: نرخی یەك نەمامی خورما لە 500 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا 700 هەزار دینارە، هەندێك جاریش دەگاتە یەك ملیۆن دینار، دۆزینەوەیان ئاسان نییە، چونكە جووتیاران دەیانەوێت لەو رێگەیەوە قەرەبووی زیانەكانی ئەو وەرزەیان دەست بكەوێـت، بەتایبەتی كە دەبینن لە شارەكانی ترەوە خواستی لەسەرە و خەڵك دێتە ناوچەكە بۆ كڕینی.
رەسەنی مەندەلییە
قەیس سدیق ئەلمەندلاوی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مەندەلی پشتڕاستی دەكاتەوە و دەڵێ: مێخەكی رەش، جۆرێكە لە دارخورما و رەسەنی مەندەلییە، لەبەرئەوەش ناوی نراوە مێخەكی رەش، رەنگی رەشە و هەندێك تامی مێخەكی تێدایە.
وتیشی: ئەم جۆرە لە مەندەلی زۆرە بە هۆی جۆری خاكەكەیەوە كە خاكێكی خۆڵاوییە و ئاوی باشی هەیە تایبەتمەندیی خاكەكەی هاوشێوەی خاكی ناوچە سنوورییەكانی وەك مەندەلی و قەزانیە و بەدرەیە.
قەیس سدیق زیاتر بۆ كوردستانی نوێ دەدوێت و دەڵێ: ئەوەی خورمای مێخەكی رەش جیادەكاتەوە، شیرینیی مامناوەند و رەنگی سووری كاڵە كاتێك شێدار دەبێت، لەگەڵ پێگەیشتنیدا بچووك دەبێتەوە و رەنگی رەش دەبێت. هەروەها بە باشی هەڵدەگیرێن و رێگە نادەن مێروولە و جۆرە گیانەوەرە زیانبەخشەكان زیانی پێبگەیەنن.
بەرێوەبەری كشتوكاڵی مەندەلی هەروەها دەڵێت: تاكە دارێك كە بەرزییەكەی لە یەك بۆ پێنج مەتر دەبێت، بەرەكەی 75 بۆ 100 كیلۆگرام دەبێت.
روونــیــشــكردەوە: خــورمــای مێخەك هەناردەی پارێزگاكانی عیراق دەكرێت، هەروەها وەك دیاری لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەدرێت بە ناوچەكانی دیكەی عیراق.
بەرهەمی دەستی رەسەنی كوردییە
شەیما حەسونی چالاكوانی بواری ژینگە بە كوردستانی نوێی وت: خورمای جۆری مێخەكی رەش، چیرۆكێكی دوور و درێژی هەیە لە سنوورەكەدا، بەتایبەتی ئەم جۆرە خورمایە بەرهەمی دەستی رەسەنی كوردییە، واتە كورد پێشتر زۆر گرنگیی بەم جۆرە خورمایە داوە و ئێستاش باشترین جۆرەكانی خورمایە لەسەر ئاستی عیراق.
ئەوەشی وت: هەر كوردیش بۆ یەكەمجار رەوانەی بازاڕەكانیان كردووە، تایبەتمەندیی ئەم جۆرە خورمایە و تام و خۆشییەكەی ناوبانگی خۆی هەیە، ئەوەش وایكردووە نرخی لە بازاڕەكاندا گران بێت.