ئابووریی سەوز

12:13 - 2025-08-10
ئابووری
65 جار خوێندراوەتەوە
گەشەی ئابووریی، شانبەشانی ژینگەیەكی پارێزراو، ئابوورییەكی سەوز پێكدەهێنن

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

لەم ساڵانەی دواییدا زۆر وڵاتی جیهان هەوڵ دەدەن ئابوورییەكەیان بگۆڕن بۆ ئابوورییەكی سەوز، ئابووریی سەوزیش هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە گەشەی بەردەوامی ئابووری، بێئەوەی ژینگە پیس بكەیت، جگە لەوەش ئابووریی سەوز، زۆر بوار و كەرتی جیاواز دەگرێتەوە، وەك وزەی نوێبووەوە، گواستنەوە، بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی خاشاك و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیك، هەموو ئەمانەش تێكڕا ژینگەیەكی پارێزراو فەراهەم دەكەن، لە پاڵ گەشەی ئابووریدا.
لە ناو ئەو وڵاتانەدا كە پێشەنگن لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئابووریی سەوز، دانیمارك، بەریتانیا، فنلەندا، ئیمارات، میسر، سەنگافۆرە و چەند وڵاتێكی دیكە، بەتایبەتیش وڵاتانی سكەندناڤیا ، هەریەك لەو وڵاتانەش هەوڵ دەدەن بەرهەمهێنانی وزە لە رێگەی سووتاندنی كاربۆنەوە بە تایبەتیش نەوت و خەڵوزی بەردین، كەم بكەنەوە.
ئەمریكا بایەخی پێنادات
دەسبەرداربوون لە وزەی بەرهەمهاتوو لە نەوت و گاز و خەڵوز، واتە پەنابردن بۆ وزەی نوێبووەوە، كە زیاتر لە هێزی با و تیشكی خۆر جووڵەی شەپۆلی دەریا و گەرمای قووڵایی زەوییەوە بەدەست دێن، ئەو وڵاتانەش كە سوورن لەسەر گەیشتن بە ئابووریی سەوز، دەیان ملیار دۆلاریان لەو پێناوەدا خەرجكردووە.
لە ئەمریكا تەنیا ویلایەتی كالیفۆرنیا گرنگیی دەدات بە وزەی بەرهەمهاتوو لە تیشكی خۆر، بەڵام بە گشتیی ئەمریكا، بەتایبەتیش لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، نەك هەر بایەخ نادات بە پاراستنی ژینگە و وزەی نوێبووەوە، بەڵكو لە خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا ترەمپ بڕیاریدا گرنگیی زیاتر بدات بە كەرتی نەوت، لەسەر حسابی وزەی نوێبووەوە. 
چین یەكێكە لەو وڵاتانەی پێشەنگە لە بواری بەرهەمهێنانی پالێتی سۆلار بۆ گۆڕینی گەرمیی تیشكی خۆر بۆ كارەبا، بەڵام ئامانجی چین لەو بوارەدا زیاتر كێبڕكێی بازاڕ و بەدەستهێنانی قازانجی ماددییە، كەواتە مەرج نییە هەر وڵاتێك زۆرترین پالێتی سۆلاری بەرهەمهێنا، پێشەنگ بێت لە ئابووریی سەوزدا.
سەرچاوە: پێگەی ئەلتاقە، AI

بابەتە پەیوەندیدارەکان