لە بیرەوەرییەکانی زیندان

شێوازی ئەشکەنجەی سەردەمی بەعس دژی زیندانییانی کورد

12:20 - 2025-08-10
کەلتور
94 جار خوێندراوەتەوە

سامان عوسمان

 ئەشكەنجەدان بەشێكی دیكەی ژیانی زیندانییان بوو لە گرتووخانەكانی بەعسدا، كە بە چەندین شێواز دژی شۆڕشگێڕان و خەباتكەرانی گەلەكەمان ئەنجامدەدرا.
لە زیندانەکانی بەعسدا جگە لە ئەشكەنجەی جەستەیی، لە رووی فیكری و دەروونیش زیندانییەکان ئازار دەدران، ئەمەش پێچەوانەی هەموو بەها مرۆیی و ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان بوون، بۆ ئەمەش چەندین ئامرازیان بۆ ئەشكەنجە بەكار دەهێنا، لەوانە هەڵواسین و بەكارهێنانی كارەبا و دار و كێبڵ و فەلاقە. 
-1  هەڵواسین: ئەم جۆرە ئەشکەنجەیە بە چەند جۆرێک ئەنجام دەدرا، وەک بەستنەوەی هەردوو دەستی کەسەکە لە دواوە بە کەلەپجە و هەڵواسینی بە سەقفی ژوورەکەدا، یان بە زاوییەی دەرگایەکی ئاسن وەک ئەوەی هەر دوو ئەنیشکەکانت لەگەڵ پەراسووکان تێک بشکێن.
-2 ئامێری کارەبا: ئەو ئامێرە وەک سندوقێکی گەورە بوو لە لایەکی هەندلێکی پێوەبوو، هەر کاتێک دەیان سووڕان وزەی کارەبای دروست دەکرد، ئینجا زیندانییەکە رووت دەکرایەوە، دواتر سەرێکی کارەباکەیان لە پەنجە و لایەکی تریش لە ئەندامی نێرینە یان گوێجکەی دەئاڵان، ئازارێکی زۆر ناخۆشی هەبوو و راستەوخۆ دەم و قوڕگت وشک دەبوو.
-3  دار و  کێبڵ و فەڵاقە: ئەمجۆرانەش پێکهاتبوون لە دارێکی کەمێک ئەستور، کە پەتێک لە ناوەڕاستی دارەکە بە دوولا بەسترابووە، ئینجا زیندانییەکەیان لەسەر پشت دەخست، هەردوو قاچی دەخرایە ناو پەتەکە و دارەکەیان دەسوڕاند تا توند دەبوو، ئینجا بەدار و کێبڵ لەژێر قاچیان دەدا، لەگەڵ هەر لێدانێک مێشکی سەرت دەلەقی، هاوکات بەهۆی ئەو ئەشکەنجەیە جگە لە ئازارێکی زۆر،  پێیەکانمان هەڵدەئاوسا و دەبووە هۆی فڕێدانی نینۆکەکانمان.
هەڵسوكەوتی پیاوانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە زیندانییەكانی كورد بە جۆرێك بێ بەزەییانە بوو، ئەگەر بیروباوەڕ و خۆڕاگری رۆڵەكانی ئەم گەلە نەبووایە، لە توانای مرۆڤ بەدەر بوو بەرگەی بگرێت، چونكە لە ئەنجامی ئازاردان و بەكارهێنانی شێوازەكان زۆرجار كەسەكە رووبەڕووی خوێنبەربوون و شكانی ئێسك و لە دەستدانی ئەندامێكی جەستەی دەبووەوە، یان گیانی لە دەست دەدا. ئەوەی لە یادم بێت هەر یەكە لە شەهیدان (مامۆستا سلێمان) و (مام سەفەر) و چەندانی دیكە لە گرتووخانەكانی تر لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی پاكیان بەخشی.
هەر بەهۆی توندیی ئەشكەنجەدان و بەكارهێنانی چەندین شێواز بەشێك لە زیندانییەكان بۆ ماوەیەكی زۆر كاریگەرییەكانی ئەو ئازارەیان بەسەر جەستە و دەروونیانەوە دیاربوو، تەنانەت تا ئێستاش بەشێكیان لە زیندانیانی ئەوێ رۆژێ بە دەست چەندین نەخۆشی و ئازارەوە دەناڵێنن.
ئەوەشی پەیوەندیی بە ئەشكەنجەی دەروونییەوە هەیە، مانەوەی زیندانیان بۆ ماوەیەكی زۆر لە یەك شوێن و بەستنەوەی دەست و چاوەكانیان، تەنانەت لەكاتی خواردن و خواردنەوە و چوونمان بۆ سەرئاو ئازار دەدراین و لەگەڵ هەر هەنگاوێكیش بەدار و كێبڵ لێمان دەدرا، خۆی ئەشکەنجەیەکی زۆر بوو، ئەمە جگە لە برینداركردنمان بە قسەی نەشیاو و جوێندان، بەبێ ئەوەی زیندانییەکان بتوانن رووبەڕوویان ببنەوە، هەموو ئەوانە ئازاردانی دەروونی بوون، بە تاببەتی لە كاتی لێكۆڵینەوەكان، هەندێكجاریش لە رێگای چەواشەكارانەوە و بەكارهێنانی فیڵ و تەڵەكەبازی و سوودوەرگرتن لە خاڵی لاوازی کەسەکە، دەیانویست زانیاری لە زیندانییەكان وەربگرن، بۆ ئەمەش چەندین تەكنیک و شێوازی ئازاردانی دەروونییان بەكار دەهێنا.
زۆرجاریش بەهۆی ئەشكەنجە سەختەكان زیندانییەکان تەواو هیلاک و ماندوو دەبوون، ئەوانیش ئەو بارودۆخەیان بە دەرفەت دەزانی تا لە کاتی لێکۆڵینەوەکان فشاری زیاتر بخەنە سەر زیندانییەکان.
ئەوەی لەبـــــــــارەی ئەشكەنجەی گرتووخانەكانی بەعس باسكرا، مشتێک بوون لە خەروارێک، هەروەها دەرخەری ئەو راستیەیە كە ئەشكجەدان تەنیا لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا نەبوو، وەك پێشتر خەڵكی دەرەوەی زیندان تێگەیشتبوون، بەڵكو هەمو كاتێكی زیندان بۆ گیراوەکان ئەشكەنجە و ئازاری جەستەیی و رۆحی بوون، هەر ساتێكی زیندان وەك ساڵێک وابوو، مەگەر تەنیا ورەی شۆڕشگێڕانە وەك تیغ ئەو سات و شەوە دوور و درێژنە ببڕێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان