دوێنێ هێزەكانی ئەمریكا و كۆریای باشوور مانۆڕێكی سەربازییان دەستپێكرد، كە ماوەی 11 رۆژ دەخایەنێت و لە ساڵی 2018وە، ئەوە گەورەترین مانۆڕی هاوبەشی نێوانیانە.
لە مانۆڕەكەدا، هەزاران سەربازی هێزە ئاسمانی و وشكانی و دەریاییەكانی هەردوو وڵات بەشدارن و تیایدا گوللەی راستەقینە بەكاردەهێنرێت. هەروەها مانۆڕەكە، مەشقی سەربازیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی نوێ لەخۆدەگرێت و ئاستی توانای چەك و سووتەمەنی لە هێڵەكانی پێشەوە، تاقیدەكرێنەوە.
وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور تەئكیدیكردۆتەوە، كە مانۆڕەكە وەك ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، دەستیپێكردووە و پەیامێكی ئاشكرا و بەهێزیشە لەبارەی پتەوكردنی پەیوەندیی لەگەڵ هاوپەیماناندا و بەهێزكردنی هەڵوێستی بەرگرییانە لە دژی هەڕەشە بەردەوامەكانی كۆریای باكوور.
جێی ئاماژەیە، نزیكەی 28 هەزار و 500 سەربازی ئەمریكا لە كۆریای باشوور جێگیركراون، وەك رێكارێكی وەڵامدانەوە لە دژی هەڕەشەكانی پیۆنگ یانگ، كە خۆی وەك وڵاتێکی خاوەن چەكی ئەتۆم راگەیاندووە.
سەرچاوە، ئاژانسەكان