روسیا هۆشداریی دەداتە ناتۆ

11:25 - 2022-08-23
جیهان
761 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

لە سەروبەندی گرژییەكانی نێوان وڵاتانی خۆرئاوا ‌و روسیا بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە، حكومەتی مۆسكۆ هۆشداریی دەداتە ناتۆ لە دەرەنجامەكانی پشتگوێخستنی ئەو هێڵە سوورانەی كە وڵاتەكەی دیاریكردوون.
لەوبارەیەوە، سێرگی ریابكۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: سیاسەتی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) وێرانكەرە ‌و خۆی لە پشتگوێخستنی ئەو هێڵە سوورانەدا دەبینێتەوە، كە روسیا وەك مەترسیدار دەستنیشانی كردوون.   
ئاژانسی هەواڵی نۆڤۆستی روسی لە زاری ریابكۆڤ-ەوە بڵاویكردۆتەوە: ئەو هەنگاوە وێرانكەرەی ناتۆ بە پەراوێزخستنی هێڵە سوورەكانی وڵاتەكەی ‌و تێوەگلان لە روبەڕوبوونەوەی روسیا لە ئۆكرانیا، كە لە كەناری پێكدادانی راستەوخۆی چەكداریدایە، هەنگاوێكی پڕ مەترسییە ‌و  دۆخەكە ئاڵۆزتر دەکات، تا گەیشتن بە پێكدادانی سەربازیی وڵاتانی خاوەن چەكی ئەتۆم.
 روونیشیكردۆتەوە: ناكرێت روسیا پەنا بباتە بەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم، تەنها لە پێناوی بەرپەرچدانەوەی پەلامار ‌و بەرگریكردن نەبێت، یان وڵات بكەوێتە مەترسییەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بە مەترسییەكانی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم داوە ‌و هۆشداریداوە لەوەی كە پێویستە ئەو وڵاتانەی جبەخانەی ئەتۆمیان هەیە، پابەندبن بە خۆبەدوورگرتن لە جەنگی نێوانیان.     
لە كۆتایی ساڵی 2021دا، روسیا هێڵە سوورەكانی وڵاتەكەی راگەیاند ‌و داوای لە وڵاتانی خۆرئاوا كرد، بەڵێن بدەن لە سنووری روسیا نزیك نەبنەوە ‌و ئەندامێتیی ئۆكرانیا لە ناتۆ رەت بكەنەوە ‌و بنكەی سەربازیی لە كۆمارەكانی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران دانەمەزرێنن. هەروەها مۆسكۆ پێشنیازیكرد كە چەكی قورسی ناتۆ لە نزیك سنوورەكانی روسیا جێگیر نەكرێن ‌و هێزەكانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی لە ئەوروپای خۆرهەڵات بۆ پێگەكانی 1997 بكشێنەوە. 
لە كۆتایی مانگی كانونی دووەمی رابردوودا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و ناتۆ سەبارەت بە گەرەنتییە ئەمنییەكان، لە نامەیەكدا وەڵامی روسیایان دایەوە، بەڵام چەند پێشنیازێكی ئەو وڵاتەیان رەتكردەوە. حكومەتی مۆسكۆش دووپاتیكردەوە، كە ئامانجی ناتۆ، بەرەنگاربوونەوەیە.

#روسیا #ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان