لە یادی 47 ساڵەی شەهیدانی (قوڕەبەرازە)دا

10:05 - 2025-08-11
ڕاپۆرت
93 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

شــــــــــــــــەوی 9\10/8/1979، پێشمەرگەكانی قوەتی كۆسرەت بـە فـــەرماندەیی (شـــەفیق زاهـــــیر)ی فـەرماندەی كەرتی ئەو قوەتە، هێرشێكی كتوپڕیان بردە سەر مۆڵگەی جاشەكانی ناو كۆیە، بە چەند گوللە ئاڕبیجییەك زەبرێكی هێندە كاریگەریان لە دوژمن وەشاند، دام و دەزگا و چەكدارەكانی رژێمی بەعس تووشی شەرمەزاری و شكستێكی گەورەبوون، پێیان سەیربوو كە هێزی پێشمەرگە بەوجۆرە گەشەی كردبێت بتوانن لەناو جەرگەی شاردا، چالاكی ئاوا گەورە بكەن و بەبێ زیانیش رزگاریان ببێت.
ئەو چالاكییە بۆ ئەوكاتەی سەرەتای شۆڕشی نوێ، بێڕادە گرنگ و پێویست بوو، دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو و ورەیەكی باشیشی دا بە هێزی پێشمەرگە.
لە بەرامبەردا، سام و هەیبەتی سوپای داگیركەر و جاشەكانی، تەواو لاواز كرد، بەڵام هەر زوو دەزگاكانی رژێم كەوتنەخۆ بۆ تۆڵەكردنەوە، بە وردی چاودێریی شەفیق زاهیر و پێشمەرگەكانی دەشتی كۆیەیان دەكرد، تا لە ئەنجامدا و لە رۆژی 11/8/1979، رووبەڕووی یەكتری بوونەوە.
ئەو رۆژە، پێشمەرگەكان لە گــــــــوندی (قوڕەبــــەرازە)ی كۆیە بوون، دوژمن كە پێشتر چاودێریی كردبوون، بە هێزێكی زۆری سوپاوە كە پێكهاتبوو لە دوو فیرقە و بە هاوكاریی تەواوی جاشەكانی ئەو سنوورە كە سەدان هێندە ژمارەیان لە پێشمەرگەكان زیاتر بوو، هەروەها بە پاڵپشتیی 13 هێلیكۆپتەر و جبەخانەیەكی زۆر و چەكی قورسەوە، چواردەوری پێشمەرگەكانیان گرت و لە سەعات 11دا شەڕ دەستیپێكرد.
شەڕی گەرم و دەستەویەخە لە نێوان لە شكری زۆری دوژمن و ژمارەیەكی كەمی پێشــــمەرگە بەرپـــابوو، مەیدانی شەڕەكە بەرەو قووڵایی دۆڵەكان و پێدەشت و شاخەكان درێژبۆوە، پێشمەرگە بەرگریی قارەمانانەیان كرد و دوژمنیان تەواو سەغڵەت كردبوو، بەڵام نابەرامبەریی هێزەكە و بەربڵاویی ناوچەی رووبەڕووبوونەوەكە و درێژەكێشانی شەڕ، برینداربوون و شەهیدبوونی پێشمەرگە و تەواوبوونی فیشەك و تەقەمەنی، لە بەرامبەردا بەردەوام زیادكردنی هێزی هێرشبەری دوژمن لە ئاسمان و زەمینەوە، وایكرد پێشمەرگەكان بكەونە دۆخێكی سەختەوە و سەرەنجام بە شكستیان كۆتایی هات و تێكڕا 14 پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنج پێشمەرگەش كە فیشەكیان لێبڕابوو و بریندارببوون، كەوتنە دەست دوژمن، بۆ شەوەكەی، ئەوانیش لەناو سەربازگەی كۆیە گوللەباران كران و سەرجەم شەهیدەكانی پێشمەگە بوون بە 19 كە شەفیق زاهیری فەرماندە یەكێك بوو لە شەهیدەكان.
ناوی شەهیدەكان
شەفیق زاهیر- فەرماندەی كەرت، حەوێز ئیسماعیل مەحمود، قوباد فەتحوڵڵا سەعید، جەعفەر سەعید عەباس، ئەحمەد مەحمود ئەحمەد، محەمەد حەمەد قوڵقوڵەیی، زاهیر محەمەد شەریف، محەمەد عــــەزیز عەلی، عومەر رەفیق ئەحمەد،  ئازاد حاجی رەفیق، ئەنوەر حەمەدئەمین ئیسماعیل، شێروان ئەمین ئیسماعیل، ئاودێر عەبدوڵڵا ساڵح، سەعید محەمەد عەلــــی، مەولود حاجی عەبدوڵڵا،  مەعروف عارف نەجم، محەمەد قادر زەكیە، رەفعەت محەمەد، جوبرائیل خدر قادر.
بەداخەوە، شەهیدان رەفعەت محەمەد و جوبرائیل خدر قادر، وێنەیان نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان