لە رێوڕەسمێكدا، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، راپۆرتە سیاسییەكانی چوارەم و پێنجەمین كۆنگرەكانی (ی.ن.ك)ی بڵاوكردەوە.
دوێنێ، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی، نووسەران و خوێندكارانی ئەكادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی كادران، راپۆرتە سیاسییەكانی كۆنگرەكانی چوارەم و پێنجەمی یەكێتی وەك بەشێك لە ئەدەبیاتی سیاسیی حزب، بڵاوكرانەوە.
لەوتەیەكدا د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، رایگەیاند: چاپ و بڵاوكردنەوەی راپۆرتی سیاسیی كۆنگرەی چوارەم، كە لەلایەن هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەك جێگری سكرتێری گشتی، پێشكەش بە ئەندامانی كۆنگرە كرا، هەروەها راپۆرتی سیاسیی كۆنگرەی پێنجەم، كە لەلایەن هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی وەك سەرۆكی ی.ن.ك پێشكەش بە ئەندامانی كۆنگرە كرا، لەچوارچێوەی گرنگیدانی مەڵبەندی دیراساتی گشتییە وەك بەشێك لە ئەدەبیاتی سیاسیی یەكێتی، وەك چۆن لە هەنگاوی یەكەمدا هەرسێ راپۆرتەكەی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال-مان، لە دووتوێی كتێبێكی سەربەخۆدا چاپ و بڵاوكردەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، راپۆرتە سیاسییەكانی هەر پێنج كۆنگرەكە، بایەخ و گرنگییەكی سیاسی، ستراتیجی و مێژووییان بۆ سەرجەم هەڤاڵانمان لە هەموو ئۆرگانەكاندا هەیە و هەریەك لەو راپۆرتانە گوزارشت و بیركردنەوەی سەردەمی خۆیانن، وتیشی: ئەم هەنگاوە مێژووی سیاسیی حزبەكەمانە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەنگاوی تریشی بەدوادا دێت، كە لەئێستاوە دەستمانپێكردووە.
دواتر، ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسی، رایگەیاند: بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرت و كتێبانە بەشێكە لە مێژووی حزبەكەمان و دەرخەری گۆڕانكارییەكانی سەردەمی خۆیانن، بەشێكن لەو گۆڕانكارییە ناوخۆیی و دەرەكییانەی روویانداوە و بەجۆرێك لەجۆرەكان لە هەردوو راپۆرتەكەدا رەنگیانداوەتەوە و خوێندنەوەی ئەم راپۆرتانەش بۆ ئێستا و داهاتووش بایەخ و گرنگیی خۆیان هەیە.
پاشان، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لە وتەیەكدا، سوپاسی مەڵبەندی دیراساتی گشتی كرد و وتی: چاپكردنی راپۆرتی سیاسی هەر پێنج كۆنگرە، كارێكی گرنگە و بەشێك لە رەوتی مێژوویی حزبەكەمان پیشان دەدات، وتیشی: دەبێت پشتیوان و پشتگیری هەر هەنگاوێك بین كە بە ئاڕاستەی چاپكردنی مێژووی حزبەكەمان دەنرێت، چونكە ئێمە لەم مێژووەوە فێردەبین و خزمەتێكی زۆریش بە نەوەكانی داهاتوومان دەكات.
لە كۆتاییشدا هەردوو راپۆرتەكە، بەسەر ئامادەبوواندا دابەشكرا.