پاشای تازەی گەلی ئاسمان

10:19 - 2022-08-28
ژینگە
421 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین
دەستوری کۆماری باشوری ئەفریقا مافە کۆمەڵایەتییەکان و کلتورییەکانی بۆ دەیان گەل و هۆز و تیرەی جیاجیا فەراهەم کردووە و هەمویان بە فەرمی ناسێندراون، لەوێ گەلان بە 11 زمانی تایبەتی خۆیان قسەدەکەن و ئازادن لە پاراستنی مافە کلتوری و فەرهەنگەکانیاندا، هەریەک لەو گەل و هۆزانە حاکم و پاشای خۆیان هەیە، بەڵام دەسەڵاتی یاساییان نییە و تەنها بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی دەستیان دەڕواو لەلایەن خەڵکەکەوە پیرۆز و خانەدانن.
یەکێک لە گەورەترین ئەو میلەتانە بە گەلی ئاسمان ناسراون ناویان « زۆڵۆ» یەو بەناوبانگترینن لەسەر ئاستی باشوری ئەفریقا و دەستڕۆیشتوترینن، سەرتاپای خەڵکەکەی پادشای خۆیان دەپەرستن و لەهەموو کاروبارەکاندا گوێرایەڵی دەکەن و متمانەی تەواویان پێی هەیە،  ساڵی رابردوو پادشای هەرە گەورەی ئەو میللەتە 10 ملیۆنییە  «گۆدۆیول زۆلۆسینی» لەدوای 50 ساڵ حوکمی ئەو میللەتە کۆچی دوایی کرد و لە رێوڕەسمی ناشتنەکەیدا حەشامات هەڵسا، پیاوان بەکوڵ دەگریان و ژنانیش بە هەموو شێوازێک لەخۆیان ئەدا، لە دوای شیوەنێکی چەند رۆژە، لە ناو کەسوکار و نەوەو بنەماڵەکەیدا پۆستەکەی بووبە کێشەو ململانێیەکی توندودژوار و سەرەنجام دوور لە یاسا و دەسەڵات رێککەوتن لەسەر ئەوەی کوڕەگەورەی پادشای کۆچکردو» میسۆزۆڵۆ» بکەنە جێگەی باوکی و پادشای خۆیان.
ئەو کێشەیە هەفتەی رابردوو کۆتایی هات و گەلی زۆڵۆ حاکمی تازەی خۆیان دەستنیشانکرد و لە رێورەسمێکی ئاهەنگسازیدا کە تایبەت بوو بەخانەوادە و بنەماڵەی پادشایەتی کوڕە گەورە پیرۆزکراو خەڵکەکەش لەماڵەوە ئاهەنگ و بەزمیان گێڕا، لە گۆرەپانێکی گەورە و فراوانیشدا گەنجانی وڵات کۆبوونەوە و کچان بە جلی ئاڵ و واڵای کلتوری گەلەکەیانەوە سەمایان دەکرد و کوڕانیش بە جلی دروستکراوی پێستی گیاندارەکێویەکانەوە بەڕیز راوەستان و چاوبازیان لەگەڵ کچانی شەنگو شۆخ دەکرد، بۆ سەرنجڕاکێشانی کچەکان چەند یاریەکی وەک رمبازی و زۆرانبازی و تیرهاویشتنیان کرد و یەکەمەکان بوون بە زاوای جوانترین و شۆخترین کچانی ئامادەبووی ئەو کەرنەڤاڵە، لەو کاتەشدا لەناو کۆشکی پادشاو لەلایەن بەتەمەنترین پیاوی بنەماڵەکە تاج کرایەسەری پادشای تازە و هەواڵ بۆ ئاهەنگیران نێردرا، لەو ساتەدا دیمەنی سەماو هەڵپەڕکێ و دەهۆڵ و هاژەی رووبار و جریوەجریوی باڵندەکانی ناو دارستانی دەڤەرەکە تێکەڵی یەکدەبوون و سەمفۆنیایەکی ئاهەنگ ئامێزیان بەخشیە ئەو ناوە.
هەواڵی دەستبەکاربوونی پادشای تازە بڵاوبۆوە و بۆ حکومەت نێردرا، دەسەڵاتیش پەیمانیدا درێژەبە هاوکاری و یارمەتییەکانی بدات بۆ ئەو میللەتە و کۆشکی پادشایەتی، ئەو حاکمە تازەیە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر سەروەت و سامانی دەڤەرەکەی هەیە کە 30 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەوڵەمەنترین ناوچەی کیشوەری ئەفریقایە، جگەلەوەش مووچەکەی 7 هەزار دۆلاری ئەمریکییە و ساڵانە بڕی 4,5 ملیۆن دۆلاریشی وەک خەرجی تایبەتی دەدرێتێ بۆ رایی کردنی کاروبارە کۆمەڵایەتیەکانی گەلەکەی، وەک باوە کەسی یەکەمی ناو بنەماڵەکەیەتی و حکومەت تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو دەکات ئەویش ئاڕاستەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بەستنی پەیوەندی گەلەکەی لەگەڵ لایەنە بەرپرسەکان و چارەسەری کێشەکانیان دەکات.

سەرچاوە: Tgliche Anzeiger

بابەتە پەیوەندیدارەکان