تەرابلوس کەوتەوە ژێر هەڕەشەی جەنگی ناوخۆ

09:20 - 2022-08-29
جیهان
417 جار خوێندراوەتەوە

گەڕەک و شەقامەکانی تەرابلوسی پایتەختی لیبیا دووبارە بۆوە بە گۆڕەپانی پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارەکانی  سەر بە هەردوو سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچوو و هەڵبژێردراو و چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە کە ئەو شەڕو پێکدادانە ئەگەری هەیە دووبارە ئەو وڵاتە بگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و بە شەڕی بەوەکالەت وەسفی دەکەن.
جووڵاندنی هێز و سەنگەر گرتن
لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە هێزە چەکدارەکانی نزیک لە فەتحی باشاغای سەرۆک وەزیرانی متمانە پێدراو لەلایەن پەرلەمانی لیبیاوە بەرەو  تەرابلوسی پایتەخت جووڵەیان پێکرا و لەبەرامبەریشدا هێزەکانی سەر بە عەبدولحەمید دەبیبە-ی سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچوو لە گەڕەک و شەقامەکانی پایتەختدا بە چەکی قورسەوە بڵاوەیان پێکرا.
دەستپێکردنەوەی شەڕ
ئاژانسەکانی هەواڵ لە سەرچاوە  سەربازییە جیاجیاکانی لیبیاوە رایانگەیاند، کە سەرلەبەیانی رۆژی شەممە پێشەنگی هێزەکانی باشاغا سنوورەکانی تەرابلوسی پایتەختیان  بەزاند و بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری کەتیبە چەکدارییەکان لەبەری باکووری خۆرئاواوە شەڕ و پێکدادان دەستیپێکرد و هێزە هێرشبەرەکە لەگەڵ هێزەکانی دەبیبەدا رووبەڕووی یەکتریی بوونەوە و هێرش و پەلامارەکان بەشێک لە شەقامەکانی تەرابلوسی گرتەوە.
ئەم پێکدادانەش دوای خولی یەکەمی شەڕی نێوان هێزەکانی فائز سەراج و جەنەراڵ حەفتەر بە سەرەتای دووەم خولی شەڕی ناوخۆی لیبیا دادەنرێت.
ئەگەرچی بەگوێرەی میدیاکانی لیبیا، شەڕەکە بەشێوەیەکی کاتی و دوای نێوەندگیری لەلایەن لیوای 444 ەوە کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا هۆکارەکانی و پاڵنەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و ناکۆکییە هۆزگەراییەکانی ناوخۆ کۆتاییان نەهاتووە و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی خولی سێیەم و چوارەمی بەدوور نازانرێت، دیارترین هۆکاریش ئەوەیە دەبیبە لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن بکرێت و دەسەڵات رادەستی کابینەیەک دەکات کە پەرلەمانی نوێ کەسێک رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەش کە بەڕای چاودێرانی سیاسیی لیبیا شەرعییەتی نەماوە، فەتحی باشاغای راسپاردووە و کابینەکەی لە دەرەوەی تەرابلوس و لەشاری سیرت پێکهێناوە و ئەوەش لەلایەن دەبیبەوە رەتدەکرێتەوە.
قوربانییەکان سەربازیی و مەدەنین
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی لیبیا شەڕەکەی رۆژی شەممە، كوژرانی 16 كەس و برینداربوونی نزیکەی 50 کەسی لێکەوتەوە، ئەو دۆخەش دەبیبە-ی هاندا کە هەموارێک لە کابینەکەیدا بکات و وەزیری ناوخۆی لەکارەکەی دوورخستەوە و بەوەزیرێکی وەکالەت پۆستەکەی پڕکردەوە تا ئایندەیەکی نادیار. 
ئەگەرچی ئەرکی کابینەکەی عەبدولحەمید دەبیبە سەرپەرشتی هەڵبژاردنێکی نوێ بوو لەو وڵاتەدا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی جەمسەرە ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەکییەکانەوە ئەو هەڵبژاردنە بە دوور دەزانرێت لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا.
شەڕی بەیاننامەکان
عەبدولحەمید دەبیبە سەرۆکی حکومەتی یەکگرتووی لیبیا و فەتحی باشاغا سەرۆکی حکومەتی لیبیا کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشانکراوە، جگە لە شەڕی چەکداری، شەڕە بەیاننامەشی لێکەوتۆتەوە و هەریەکەیان ئەوی دیکە بە ناشەرعی وەسف دەکەن.
ئەوەش دوای ئەوەی کە باشاغا چەند رۆژێک لەمەوبەر هەڕەشەی چوونە ناو تەرابلوسی پایتەختی کردبوو، بۆ ئەوەی ئیتر ئەرکەکانی  لە پایتەختەوە رابپەڕێنێت و هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر دەبیبە بەردەوام بێت لەسەر دەستگرتن بە کورسییەکەیەوە ئەوا بەهێز ناچاری دەکات دەسەڵات بەجێ بهێڵێت، بەڵام ئەم خولەی شەڕەکەی دۆڕاند و دەبیبە لە تویتێكدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەڵامی دابۆوە کە لەجیاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان ببات ئەگەر ژیانی خەڵکی لیبیای مەبەستە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان