لە میانەی هەڵمەتەكەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بە هەردوو وەزارەتی داد و ناوخۆی راگەیاند: هیچ بیانوویەك نییە بۆ توندوتیژیی دژی ژنان و ژنكوژانیش لە سزای یاسایی دەرباز نابن.
یەكەم وێستگەی سەردانەكەی دوێنێی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ وەزارەتی داد بوو، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری داد و بریكار و بەرپرسانی وەزارەتەكەدا، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە كردەوە: كەس لەسەرووی یاساوە نییە و هیچ بیانوویەك نییە بۆ توندوتیژیی دژی ژنان و ژنكوژانیش لە سزای یاسایی دەرباز نابن.
لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە هۆكارەكانی هەڵكشانی توندوتیژیی دژی ژنان كرا و چۆنێتی رێگریكردن لەو هەڵكشانە لەڕێی یاسا بەركارەكان و چۆنێتی هەمواركردنەوەی یاساكانیش تاوتوێكران.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردەوە بۆئەوەی ئاسانتر بتوانرێت رێگریی لە تاوان بكرێت و تاوانباران بەسزا بگەیەنرێن.
لە كۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ وەزیر و بریكار و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆدا، ئامار و داتاكانی تاوان دژی ژنان خرانەڕوو، ئەو هەڵكشانەش كە بەدیكرا لە ئامارەكاندا، بە زەنگێكی مەترسیدار ناوبرا.
جێگری سەرۆك وەزیران لایەنە ئەمنییەكانی راسپارد كە چاوكراوەتر لە جاران، رێگریی بكەن لە تاوان و بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دووپاتكردنەوە و راشیگەیاند: هەر تاوانبارێك، لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت، چاوپۆشی لێناكرێت. داواشیكرد لایەنە ئەمنییەكان لە پارێزگاكانی هەرێم هاوئاهەنگ بن و لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكانی عیراقیشدا هاوكاربن تا هیچ تاوانبارێك نەتوانێت لە سزای یاسایی دەرباز بێت.