خۆپیشاندان دژی جەنگ

09:45 - 2022-09-25
جیهان
558 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە دوای بڕیارەكەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا بۆ پڕچەككردنی بەشێكی هاووڵاتیانی روسیا و ناردنیان بۆ بەرەكانی جەنگ، هاووڵاتیان بە دروشمی «نا بۆ جەنگ» دژی بڕیارەكە وەستاونەتەوە و خۆپیشاندانیان کردووە.
هاوكات لەگەڵ بڕیارەكەی پوتیندا، هاووڵاتیانی روسیا دەستیانكردووە بە هەڵهاتنی بەکۆمەڵ و دووركەوتنەوە لەناونووسین بۆ بەسەربازبوونی یەدەک.
راپۆرتە هەواڵییەكان بڵاویانكردووەتەوە كە لە 38 شاری روسیا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان دژی بڕیارەكەی پوتین وەستاونەتەوە و بە دروشمی «نامرم لەپێناوی پوتین»دا رژاونەتەسەر شەقامەكان، بەپێی راپۆرتە هەواڵییەكانیش زۆرترین ژمارەی خۆپیشاندەر لە مۆسكۆی پایتەخت بووە و دواتریش دووەم گەورە شاری روسیا «سان پترسبۆرگ» بووە.
لەدوای بڕیارەكەشەوە نزیكەی 1300 كەس دەستگیركراون.
ڤلادیمێر پوتین داوای لە دەستەی ئەركانی گشتی كردووە بەشێکی سەربازە یەدەکەکان ئامادەبکەن بۆ جەنگ، لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی پوتیندا راپۆرتەكان باس لە هەڵهاتنی بەکۆمەڵ دەكەن لە رێگەی دەریا و وشكانییەوە بۆ دەرەوەی وڵات لە ریزەكانی سوپای یەدەكی روسیا و نرخی فڕینی فڕۆكەش بەرزبۆتەوە. ئەم بڕیارە بۆ یەكەمجار لە جەنگی جیهانی دووەمدا هەبووە
لە وتارێكیدا لەبارەی هەر پیلانێكەوە دژی وڵاتەكەی، پوتین رایگەیاندووە كە «وڵاتەكەی خاوەن چەكی بەهێز و كاریگەرە و دەتوانین بەكاریبهێنین بەبێ دوودڵی، ئەمەش بۆ بەرگریی لە خاكی روسیا و گەلەكەی، ئەمەش فێڵ نییە لەسەر ئەوانەی كە دەیانەوێت بمانترسێنن بە چەكی ئەتۆمی».
لە وەڵامی پوتیندا، جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكاش رایگەیاندووە: رێگەنادەن شەڕی ئەتۆم رووبدات و هیچ چەكێكی مەترسیدار بخرێتە خزمەت جەنگەوە.

#جەنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان