دوا ماڵئاوایی وەرزشکار و فەرماندەی دێرین مەجید میرخان

11:05 - 2022-09-26
دووتوێ
504 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەكەلی

مەجید میرخان حەسەن عەبدوڵڵا وەرزشکار و پێشمەرگە و فەرماندەی دێرین، ساڵی 1951 لەشاری كۆیە لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتای و ناوەندیی و دواناوەندی لە بەغدا تەواوكردووە، ساڵی 1970 پەیمانگای پۆلیس لەبەغدا تەواو دەکات.
مەجید میرخان لە سەرەتای منداڵییەوە خولیای وەرزشی هەبووە، بەگشتی ئارەزووی لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان (راكردن و یەك باز و سێ باز) بووە، بەڵام تۆپی پێ خولیا تایبەتەکەی بوو، لەگەڵ باوكی لە گەیارە دەبێت و لەوێش یاری دەكات، دواتر دەگوازرێتەوە شاری خانەقین و پاشان بۆ شاری بەسرە، لەم قۆناغە جیاجیایانەی ژیانیدا، یاری تۆپی پێی کردووە، بەتایبەتی كە لەقۆناغەكانی خوێندن لە شاری بەغدا  و لە ناوچەی (بابول شێخ) بووە، تیپێکی میللی پێكهێناوە، ئەو کاتەش زۆربەی یاریزانە ناودارەکانی بەغدا لەم شوێنە پێدەگەیشتن، لە باب شێخ لەگەڵ هەردوو یاریزانی بەناوبانگی عێراقی (سەباح حاتەم) و (كازم شبیب) ی گۆڵپارێز یاریی كردووە، كازم شبیب كە لە ئیمارات بوو، هەمیشە سەردانی خوالێخۆشبووی لە شاری كۆیە دەکرد.
پاش ئەو هەموو هاتن و چوونە دواتر لە کۆتایی ساڵانی شەستەکان و تا ساڵانی حەفتاکان لەسلێمانی دەگیرسێتەوە، ئیتر پەیوەندی بە تیپی پۆلیسی سلێمانییەوە دەکات، لەگەڵ شەهید جەمالی عەلی باپیرو تالە خڕەو خوالێخۆشبووان رەئوفی زێنەب و کەملی حەبێ و عومەرە ڕەش و حەمە بچکۆل و حەمە سیروان و چەندان یاریزانی ناوداری تری ئەوسەردەمەی سلێمانی باشترین تیپی تۆپی پێ لە مێژووی وەرزشی سلێمانیدا درووست دەکەن و دەبنە تیپێکی پلە یەکی عیراقی ئەو سەردەمە تا تیكچوونەوەی گفتوگۆی شۆڕسی کوردو حکومەتی ئەوسای عیراق لە ساڵی 1974.
ئەو ساڵانە شورتەی هەولێریش پلە یەكی عێراق بووە، بۆیەكەمجار لە خولی پلە یەكی عێراقدا ئەم دوو تیپە یارییان دەكرد، ئەو كاپتنی هەڵبژاردەی شورتەی سلێمانی بووە، كێبڕكێیەكی بەهێز لەنێوان هەڵبژاردەی شوڕتەی سلێمانی و هەولێر و سەرجەم تیپە پلە یەکەکانی عیراقدا هەبوو  تا ساڵی 1974، دوای بەرپا بوونەوەی شۆرش، تیپی شورتەی سلێمانی پەیوەندییان بە شۆڕشەوە كرد و هەموویان بوون بە پێشمەرگە، دواتر چەند یاریزانێكی تری شارەکانی کوردستانیش پەیوەندییان پێوە دەکەن و  هەڵبژاردەی كوردستان درووست دەکەن و خوا لێخۆشبوو بووە بە کاپتنی ئەو هەڵبژاردەیە، پاش نسکۆی ساڵی 1975 جارێکی تر بۆ باشووری عیراق رادەگوازرێت و لەوێش هەر بە یارییکردنەوە خەریک بووە.
جارێکی تر و سەرەتای ساڵانی هەشتاکان دەبێتەوە بە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕابەرایەتی یەکێتیی نشتمانی کوردستان و لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا درێژ بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەدات، پاش راپەڕینە مەزنەکە جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەر کار و جگە لەوەش لە کۆیە لە ریزەکانی (ی.ن.ک) دا درێژە بە کاری وەزیفی و حزبی دەدات تا دواجار بە پلەی لیوا خانەنشین کراوە.
زۆر بە داخەوە ئەم پێشمەرگە دێرین و وەرزشکارە بە ئەزموون و کەسایەتییە دیارە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی رێكەوتی 23/9/2022 دوا ماڵئاویی دەکات و لە گۆڕستانی قشڵە لە زێدی خۆی لە کۆیە بە خاک سپێردراوە، هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەم تێکۆشەرو پێشمەرگەو وەرزشکارە، یەزدانی مەزن بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان