شه‌مێران عه‌لی
سالڤاتۆر گاراو هونه‌رمه‌ندێكی بواری شێوه‌كاری وڵاتێكه مێژوویه‌كی دێرین و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه له هونه‌ردا، چ هونه‌ری شێوه‌كاری و چ موزیك و هه‌موو لقه‌كانی دیكه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب، كوڕی وڵاتی په‌یكه‌ره‌كانه. هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌و ئیتالیایه‌یه كه خاوه‌نی مایكل ئه‌نجیلۆ و لیۆناردۆ داڤنچی و... سه‌دان هونه‌رمه‌ندی مه‌زنه، هونه‌ر له وڵاته‌دا به چه‌ندین قۆناغدا تێپه‌ڕیوه تاوه‌كو به‌م ئاست و شێوازه‌ی ئێستای گه‌یشتووه. بناغه‌یه‌كی پته‌وی هه‌یه. سه‌رده‌مانێك هونه‌ری ئیتالی سه‌رچاوه‌ی ئیلهام بوو بۆ هونه‌رمه‌ندانی هه‌موو دنیا. نه‌ك هه‌ر له هونه‌ری شێوه‌كاری، بگه‌ره له هونه‌ری موزیكیشدا خاوه‌نی نیكۆلا پاگانینین، كه به شه‌یتانی كه‌مانچه ناسراوه. ئێستاش له‌گه‌ڵدا بێ هه‌زاران كه‌س بۆ بینینی په‌یكه‌ره‌كانی مایكل ئه‌نجیلۆ و تابلۆكانی داڤنچی و رافاییل روو له ئیتالیا ده‌كه‌ن. ئه‌م ئێستاش هونه‌ر له‌و وڵاته‌دا گرنگی پێده‌ده‌رێ، خاوه‌نی هه‌زاران هونه‌رمه‌ندی به‌توانان.
گاراو یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌نده ئیتالییانه‌ی به شێوازی تازه و زۆر جیاواز له ستایلی هونه‌ری شێوه‌كاری كۆن كار ده‌كات. هونه‌ر ئێستا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا جۆرێكی تره، به تایبه‌ت هونه‌ری شێوه‌كاری ئه‌م سه‌رده‌مه، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه. یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه گاراوه كه به شێوازێكی نوێ كار ده‌كات. بۆ نموونه یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانی په‌یكه‌ری نه‌بینراوه. له‌وانه‌یه ئه‌م به‌رهه‌مه و زۆرێك له به‌رهه‌مه‌كانی دیكه به‌ڵای بینه‌ری ئاساییه‌وه گرنگ نه‌بێ و به هونه‌ری نه‌زانن. به‌ڵام ئه‌م هونه‌ر و ستایله له هونه‌ر زۆرتر گرنگی به مانا ده‌دات. ده‌بێ به چاوی زه‌ین له‌و به‌رهه‌مه تازانه‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری بڕوانی. كه زۆرتر پێویستیان به بیركردنه‌وه هه‌یه وه‌ك له روانینی چاو.
سالڤاتۆری گاراو له ساڵی 1953 له شاری سانتا جیوستا له پارێزگای ئۆریستانۆ له دوورگه‌ی سه‌ردینیای ده‌ریای ناوه‌ڕاست له ئیتالیا له‌دایكبووه. هێشتا له ژیاندایه و به‌رده‌وامه له كاری هونه‌ری. له ئه‌كادیمیا دی بێل ئارتی دی فیرێنز خوێندوویه‌تی و له ساڵی 1974 خوێندنی ته‌واو كردووه و له ساڵی 1977 بووه‌ته ئه‌ندامی گرووپی رۆكی پێشكه‌وتنخوازی ستۆرمی سیكس وه‌ك ته‌پڵلێده‌ر له‌و گرووپه‌دا به‌رده‌وام بووه. ئه‌و ماوه‌یه خولیای موزیكی هه‌بووه، به‌ڵام دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گروپه‌كه به‌دووی كاری هونه‌ری شێوه‌كاری كه‌وتووه و ده‌ستی داوه‌ته كاری هونه‌ری و یه‌كه‌م نمایشی تاكه‌كه‌سی خۆی له ساڵی 1984 كردۆته‌وه. لێره‌وه په‌ره‌ی به هونه‌ری شێوه‌كاری داوه، چ وه‌كو وێنه و چ وه‌ك په‌یكه‌رسازی. له ئاكامدا شێوازێكی نوێی بۆ خۆی دۆزیوه‌ته‌وه. له ساڵی 2003 به‌شداری له په‌نجاهه‌مین بیه‌ناڵی ڤێنیزیا كردووه و هه‌مان ساڵ له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له ستراسبۆرگ كاره‌كانی نیشانداوه. له ساڵی 2005 كارێكی ئه‌بستراكتی له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی 200 م2 له PVC كێشاوه و دواتر هه‌ڵواسرا بۆ داپۆشینی داسه‌پاوه‌كانی سه‌ر بینایه‌ك له كۆرسۆ ماجنتا له میلانۆ. له ساڵی2006 گۆمی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نهۆمی سێ كڵێسا له شارۆچكه‌كانی پارێزگای ئۆریستانۆ دروستكرد. له ساڵی 2009 پیشانگای تایبه‌تی له مۆزه‌خانه‌ی هونه‌ری مۆدێرن و هاوچه‌رخی سانت ئیتیان له فه‌ره‌نسا كرده‌وه. گاراو كاری له كۆكراوه‌كانی چه‌ندین مۆزه‌خانه‌دا هه‌یه له‌وانه مۆزه‌خانه‌ی دێل نۆڤێسێنتۆ، مۆزه‌خانه‌ی مۆدێرن دی بۆلۆنیا و پادیگلۆنی هونه‌ری هاوچه‌رخ له میلانۆ. ئه‌م هونه‌رمه‌نده ئیتالییه یه‌كێكه له هونه‌رمه‌ندانی نه‌وه‌ی نوێی هونه‌ری شێوه‌كاری. دوای ته‌واو كردنی خوێندن حه‌ز له موزیك ده‌كات، به‌ڵام دوایی بۆ هونه‌ری شێوه‌كاری باز ده‌دات و ده‌بێت به‌یه‌كێ له هونه‌رمه‌نده ناوداره‌كانی ئه‌مڕۆی هونه‌ری شێوه‌كاری و به‌رهه‌مه‌كانی له چه‌ندین وڵات نمایش كردووه و تابلۆكانی به‌دیواری گه‌لێك مۆزه‌خانه‌ی جیهانییه‌وه هه‌ڵواسراون. هاوكات خولیای سینه‌ماشی هه‌یه، كه خه‌ونێكی منداڵییه‌تی. یه‌كێك له‌و كارانه‌ی كردوویه‌تی فیلمی لاتێلا یه. فیلمێكی دیكۆمێنتارییه له‌ناو زیندانێكدا. یه‌كێكی دیكه له به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌ری نه‌بینراوه، گاراو په‌یكه‌ره نه‌بینراوه‌كانی به نرخی 22 هه‌زار یۆرۆ فرۆشتووه. پلانی داناوه به گشتی حه‌وت كاری نامادی بۆ شاره‌كانی جیهان بكات. ئه‌مه‌ش جۆرێكی تازه‌یه له هونه‌ری شێوه‌كاری كه به‌رهه‌مێكی به‌و فۆرمه له‌سه‌ر شه‌قام پێشكه‌ش ده‌كرێ. په‌یكه‌ری نه‌بینراوه له‌ناو چوارچێوه‌یه‌كی سپی‌دا. كاتێ ئه‌م به‌رهه‌مه فرۆشرا، هه‌واڵه‌كه له بڵاوكراوه‌كاندا بڵاو بووه‌وه كه هونه‌رمه‌ند گاراو په‌یكه‌رێكی ساخته ده‌فرۆشێت به زیاتر له هه‌ژده هه‌زار دۆلار. له‌كاتێكدا ئه‌و په‌یكه‌ره وجودی نییه! ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه و مایه‌ی سه‌رسوڕمانه، كاتێ ئه‌و به‌رهه‌مه نه‌بینراوه فرۆشراوه، له‌م گرێبه‌سته سه‌یره‌دا، ئه‌وه‌یه كه تاكه شتێك كڕیاری په‌یكه‌ره‌كه وه‌ریده‌گرێت، بڕوانامه‌ی خاوه‌ندارێتی ئه‌و به‌رهه‌مه نه‌بینراویه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه واژۆ و مۆر كراوه، به‌و پێیه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی له گرێبه‌سته‌كه‌دایه، كه ناوی "من" ی له‌سه‌ره. به‌رهه‌مه‌كه له هه‌وا و بۆشایی دروستكراوه، یان وه‌ك له ته‌نیشته‌كه‌یه‌وه وه‌سف كراوه، له رۆحه‌وه هه‌ڵكه‌ندراوه بۆ وروژاندنی خه‌یاڵی بینه‌ر. ره‌خنه‌گره‌كانیش ره‌خنه‌یان له فرۆشتنی شتێك گرتووه كه وجودی نییه. گاراویش له وه‌ڵامدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه په‌یكه‌ره‌كه له بۆشاییه‌دایه و به‌رجه‌سته نییه!. ئه‌م به‌رهه‌مه نه‌بینراوه، چیرۆكی پاشا رووته‌ی نووسه‌ری دانیماركی ئه‌ندرسنمان به‌بیر دێنێته‌وه. له‌وانه‌یه له روانگه‌ی مانا و ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه دوو به‌رهه‌می جیاوازبن، هانس ئه‌ندرسن ده‌یه‌وێت له رێگای ئه‌و چیرۆكه‌وه په‌یامێك بگه‌یه‌نێ و گاراو مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی هه‌بێ له په‌یكه‌ری نه‌بینراو، به‌ڵام له هه‌ندێك رووه‌وه چوونیه‌كن. چیرۆكه‌كه‌ی ئه‌ندرسن باسی به‌رگدروورییه‌ك ده‌كات كه جلی بۆ پاشا دووریوه، به‌ڵام جلكه نابینرێ، پاشا رووته و به‌رگدووریش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه جوانترین جلی بۆ پاشا دووریوه. په‌یكه‌ره نه‌بینراوه‌كه‌ی گاراویش به‌هه‌مان شێوه نه‌بوویه‌كه له بۆشاییدا. گاراو، پێشتر په‌یكه‌رێكی نامادی نمایش كردبوو ناوی لێنابوو "بودای مێدیته‌یشن" و له گۆڕه‌پانی دێلا سكالا له شاری میلانۆی ئیتالیا نیشاندرا.