بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یونسێف، لە ئەنجامی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار منداڵی ئۆكرانی ئاوارەبوون.
ئەو رێكخراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان روونیكردۆتەوە: نزیكەی دوو ملیۆن منداڵی ئۆكرانی لەگەڵ كەسوكاریان بۆ وڵاتانی دراوسێ ئاوارەبوون و زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزاری تریش لەناوخۆی وڵاتەكەیاندا ئاوارەبوون، ئەو ژمارەیەش نزیكەی نیوەی سەرجەم ئاوارەكانی ئۆكرانیا پێكدەهێنێت.
لە ئامارەكەی یونسێف-دا هاتووە: زیاتر لە یەك ملیۆن و 100 هەزار منداڵ چوونەتە پۆڵەندا و سەدان هەزاری دیكەش روویانكردۆتە رۆمانیا و مۆڵدۆڤا و هەنگاریا و سلۆڤاكیا و چیك.
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئامارێكی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، كە هەر لە ئۆكرانیا، زیاتر لە 100 منداڵ كوژراون و 134ی دیكەش برینداربوون.