ساتیرە چیرۆک:

هەڵمەتی هەڵبژاردن

10:30 - 2022-10-27
ئەدەب و هونەر
377 جار خوێندراوەتەوە

‎هێرش رەسوڵ

ناڕەزایەتیی هاونیشتمانان، بە تایبەت مامۆستا و فەرمانبەران بەردەوامیی هەبوو. لە هەندێ شوێن و بەردەم بارەگای سەرەکیی حکومەت و نوێنەرانی گەل خێمەیان هەڵدا، کورسیی پلاستیکیان تێدا دانا، یان حەسیر و لەتە فەرش و کۆمباریان تێدا راخست، بە رۆژ و شەو تێیدا دەمانەوە. مۆنتاربۆی گەورە و مایکیان هێنابوو، وتاری حەماسییان لێوە پێشکەش دەکرد و هوتافی ئاگرینیان دەگوتەوە.

بەو قرچەقرچی گەرمای هاوینە، کە دەتگوت خۆرەکە باوەشی بە زەویدا کردووە، چوبووە ناو قات و چاکەت و هێلەکێکی رەشەوە و بۆینباخەکەشی توند بەستبوو، کورد گوتەنی «خۆی جەڕاندبوو!»، ئیتر لەگەڵ تیمەکەیدا، کوچە و کۆڵان و ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی شار دەگەڕا. لە شەقامە سەرەکییەکانەوە بۆ شەقامە لاوەکییەکان، لە گەڕەکە گەورەکانەوە بۆ گەڕەکە گچکەکان، هیچی نەدەپەڕاند.
هەر لە سەری کۆڵانێکەوە کە دەچووەوە سەر شەقامێکی گشتیی، لووتی بە خێمەیەکی گەورەدا تەقی، کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە بەردەمیدا وەستابوون و هیتریش لە ناوەوەی بوون. 
«ئەمە خێمەیەکی خۆپێشاندەرانە، کوڕینە بۆ بەپەلە نەچینە ناویانەوە، دەرفەتە.» ئەمەی گوت و چاوەڕێی وەڵامی تیمەکەی نەکرد بەرەو ناو خێمەکە بە هوتافی «بڕوخێ دز، بڕوخێ دز» ملینا، کامێرامانەکەشی بە دوایدا رایکرد تاکو ئەو چرکەساتە تایبەتانەی جەنابی کاندید تۆماربکات و یەکسەر لە پەیجەکەی لە فەیسبووک پۆستیان بکا و بنووسێت: «نها.. پەرلەمانتاری ئایندە لەناو خۆپێشاندەران و لەگەڵ خەمی گشتییدا.»
بەڵام یەکسەر چەند کەسێک لێیان نزیک بوونەوە و یەکێکیان بە دەنگی بەرز پێی گوت: «فڵتە فڵت، ئێرە پرسەیە، دزی چی و روخانی چی؟»
ئەو کە لە ژیانیدا دەیان هەڵوێستی روگیر و ئابڕوبەرانەی بەسەردا هاتبوو یان دیبوو، ئەو تەریقکردنەوەیەی ناو خێمەی پرسەکە هیچ شەمەزاریان نەکرد. بە پەلە فاتیحایەکی خوێند و بە دەنگی بەرز سەرەخۆشیی لە کەسوکاری مردووەکە کرد و خواحافیزی کرد. تەنانەت لە دەرەوەی خێمەکە بە چاو ئاماژەی بۆ تیمە هاوکارەکەی کرد کەوا کارتەکانی بانگەشە لێرەش دابەش بکەن.
چەند کۆڵانێک لەولاترەوە، لە دەستی راست لە دەرگای یەکەم ماڵیان دا نەیانکردەوە، ئینجا یەکسەر بەرەو دەرگای دووەم ماڵ چوون. دەرگایەکی سێ تاکی گەورە. کەمێک قەرەباڵغ دیاربوو. چەند پیاوێک لەبەر دەرگاکە وەستابوون.
«کوڕینە ئەمەیان پرسەیە، با خۆمانی پێداکەین و لێرەش فاتیحەیەک بخوێنین.»
تا ژووری میوانی ماڵەکە نەوەستان. فەرموو فەرموو کردیاننە ژوورەوە. جەنابی کاندید بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە هەر بە پێوە دەستەکانی راگرت و بە دەنگی بەرز گوتی: «ئەلفاتیحە.» 
ئەو پیاوانەی لە ژوورەوە بوون بە سەرسامییەوە لەگەڵ کاندید و تیمەکەیدا فاتیحایەکیان خوێند. «ئینشاڵڵا خوا عەفوی کردووە و تەمەنی درێژی بۆ ئێوە جێهێشتووە...» خەریک بوو زیاتر لەسەری بڕوا، خاوەن ماڵەکە پێی بڕی: «کاکە وەڵا ئەمە پرسە نییە و خەریکم ژن بۆ کوڕەکەم دەگوازمەوە!»

بابەتە پەیوەندیدارەکان