پێش بەرچایی نیو لیتر ئاو بخۆرەوە

02:23 - 2022-04-03
ژینگە
611 جار خوێندراوەتەوە

کەشتیی نوح

گۆڤاری (فرۆیندین)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژانە خواردنەوەی نیو لیتر ئاو پێش ژەمی بەیانیان و بەبرسێتی چەندین سوودی هەیە لەوانە:
نەهێشتنی ژەهری ناو جەستە  
 لە شەودا جەستە خۆی لە ژەهر و مادە زیانبەخشەكان رزگار دەكات، كاتێك بەیانیان بە گەدەی بەتاڵ ئاو دەخورێتەوە یارمەتی جەستە دەدات بۆ ئەوەی لەو ژەهرە بە تەواوی رزگاری ببێت، جگە لەوەش ئەو ئاو خواردنەوەیە خانەی ماسولكە پتەو دەكات و خانەی نوێی خوێن دروست دەكات.
خێراکردنی هەرس
خواردنەوەی ئاو بە گەدەی بەتاڵ هەرسکردن بەڕێژەی(24%) زیاد دەكات و گرنگی شلەمەنییەكان زیاتر دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە گەدە باشتر كاردەكات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانكردنی دابەزاندنی كێش. 
سووتانەوە و گرژیی گەدە كەمدەكاتەوە
زۆرترین گرفتی گەدە بەهۆی زیادبوونی ترشەڵۆكی گەدەوەیە، كاتێك ئەو ترشەڵۆكە دەگاتە سورێنچك مرۆڤ هەست بەناڕەحەتی دەكات، بەڵام كە بە گەدەی بەتاڵ ئاو بخورێتەوە، ئەو ترشەلۆكە كەمتر دەبێت و سووتانەوەی گەدە كەمدەبێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ ژەمی بەیانیان.
پێست گەش دەكات
كەمی شلەمەنییەكان لە جەستەدا دەبێتە هۆی ئەوەی زووتر لەكاتی خۆی روخسار چرچ و شێواو دەركەوێت، بەپێی نوێترین توێژینەوە خواردنەوەی نیو لیتر ئاو بە گەدەی بەتاڵ سووڕی خوێن چالاك دەكات و پێست گەش و رووناك و نەرم دەكاتەوە.
رێگە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە و هەوكردنی میزەڵدان دەگرێت
خواردنەوەی ئاو  لە بەیانیاندا و بە گەدەی بەتاڵ رێگرە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە و هەوكردنی میزەڵدان، چونكە شلەمەنی پێویست لە جەستەدا دەبێت و  ناهێڵێت ژەهر كۆببێتەوە.
بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش 
ئاو خواردنەوەی بەیانیان كار لەسەر هاوسەنگی سیستمی بەرگری دەكات و وا دەكات مرۆڤ  كەمتر تووشی پەتاو ئەو ڤایرۆسانە ببێت كە دەبنە هۆی نەخۆشییەكان.
بۆ كەمكردنەوەی كێش بەسوودە 
خواردنەوەی ئاو بە گەدەی بەتاڵ یارمەتی جەستە دەدات بڕێكی دیاریكراوی وزە بەكاربهێنێت بۆ گەرمكردنی ئاوی سارد لە كۆئەندامی هەرسدا بۆ خێراتركردنی پرۆسەی هەرسكردن، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كێش.
كەمكردنەوەی كالۆری
خواردنەوەی ئاو بە گەدەی بەتاڵ هەستی برسێتی ناهێڵێت و ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كالۆری، پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەكەن باشتر وایە بەیانیان نیو سەعات بەر لە ژەمی بەیانیان ئاو بخۆینەوە.
سەرئێشە ناهێڵێت
وشكبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی سەر ئێشە و شەقیقە، خواردنەوەی ئاو بە گەدەی بەتاڵ ئەو جۆرە سەر ئێشانە ناهێڵێت.
مرۆڤ چالاك دەكات
ئاو خواردنەوەی بەیانیان بە گەدەی بەتاڵ، ئاستی وزەی جەستە زیاد دەكات، بەمەش مرۆڤ هەست بە چالاكیی زیاتر دەكات.
سەرچاوە: sky news

بابەتە پەیوەندیدارەکان