ئەگەرچی ئەمڕۆ دووشەممە ماوەی سەرۆكی لوبنان (میشێل عەون) كۆتایی دەهات، بەڵام سەرۆكی ئەو وڵاتە دوێنێ یەكشەممە، لەبەردەم ژمارەیەكی زۆری هەوادارانیدا لە پارتی بزووتنەوەی نیشتمانپەروەری ئازاد، كۆشكی سەرۆكایەتیی لوبنانی بەجێهێشت، ئەمەش دوای ئەوە هات كە چوارجار پەرلەمانی لوبنان كۆببۆوە و سەركەوتوونەبوو لە دیاریكردنی سەرۆكێكدا بۆ وڵاتەکە و تاكە كاندید بۆ سەرۆكی ئەو وڵاتە میشێل عەون بوو.
دەزگا ناوخۆیی و ئاژانسە هەواڵییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو بڕیارەی میشێل عەون چارەسەری كێشەكانی لوبنان ناكات، چونكە لە مانگی ئایارەوە لەسەر كاندیدێك رێكنەكەوتوون، ئەوەش وادەكات لوبنان بكەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە و قەیرانەكانیش لەو وڵاتەدا زیاتر و زۆرتر ببن.
دوای ئەوەی لەساڵی 2016دا عەون، گەیشتە پۆستی سەرۆك كۆمار و بووە 13هەمین سەرۆك لە لوبناندا، بەڵێنی باشکردنی ئابووری و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و بنبڕكردنی گەندەڵی دا.
لە 15ی ئایاری 2022 لە لوبناندا هەڵبژاردن کرا، بەڵام تا ئێستا حكومەتی نوێ پێكنەهێنراوە و ئەمەش بۆتەهۆی كەڵەكەبوونی قەیرانە ناوخۆییەكانی لوبنان.