ئایندەی دۆلار

09:57 - 2022-10-31
ئابووری
1084 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەل عەلی


ئەو پرسیارە لۆجیکییەی کە پێویستیی بە وەڵام هەیە، کەی دۆلار دەبێتە جێی نادڵنیایی؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێ بە وردی لەوە بگەین کە دۆلار چۆن ئیش دەکات، سەرچاوەی ئەو هێزە کامەیە، کە بەرامبەر بەو هەموو دراوە سەرەکییەی جیهان، ئەو باڵادەستییەی بە دۆلار بەخشیوە. بە سادەیی بەبێ ئەوەی رۆچینە نێو وردەکارییە ئابوورییەکان و ئەو میکانیکییەتەی سیستمی ئابووری، کە براوەکانی جەنگی دووەمی جیهان دیزاینیان کردبوو. دۆلار جێی دڵنیایی دەبێت تا ئەو کاتەی وەبەرهێنەری بیانیی غەیرە ئەمریکایی دۆلار بەکاردەهێنێت و مامەڵەی پێوە دەکات، چ کڕیارەکانی حکومەت بن، یان کۆمپانیاکان بن، یان تاکەکان، واتە ئەوان دۆلار وەک دراو بۆ کڕین و فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، لە بازرگانیی نێودەوڵەتی یان وەک یەدەکی نەختینەیی بەکاردەهێنن، وەک چۆن بانکە ناوەندییەکانی دەوڵەتانی جیهان دەیکەن، ئەمەیش نهێنی هێزی دۆلارە. بەڵام لە لایەکی ترەوە، ناتوانرێت رۆڵی دۆلار وەک پێوەری بەها، لەسەر ئاستی ئەو قەرزانەی لە نێوان کۆمپانیا جیهانییەکان و حکومەتەکان و دامەزراوە ئابوورییەکانی جیهان بە دۆلار ئەنجام دراون، پشتگوێ بخرێن. جێی ئاماژە پێکردنە، کە گەورە تەمویلکارانی جیهان، دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکان.

ئامارەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە بۆ چارەکی دووەمی 2022، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە قەبارەی یەدەکی نەختینە لە دۆلاری ئەمریکا لە بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بۆ59.5 ٪ دابەزیوە

بەهای ئەو سەنەداتە ئەمریکاییانەی دەوڵەتان تا کۆتایی ئابی ٢٠٢٢ کڕیویانە (7.5) ترلیۆن دۆلارە، نێوەنجی کڕینی سەنەداتی ئەمریکایی لە ماوەی نێوان ئابی ٢٠٢١ و ئابی ٢٠٢٢، لەلایەن ژاپۆنەوە گەیشتە (1.2) ترلیۆن دۆلارو چین یەک ترلیۆن دۆلارو دوای ئەوانیش بریتانیا بە (615) ملیار دۆلار دێت.
ئامارەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە بۆ چارەکی دووەمی ٢٠٢٢، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە قەبارەی یەدەکی نەختینە لە دۆلاری ئەمریکا لە بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بۆ (59.5 ٪) دابەزیوە، واتە بە بەهای (6.6) ترلیۆن دۆلار لە هەموو بانکە ناوەندییەکانی جیهان. ئەوەی جێی سەرنجە لە ساڵی ١٩٩٩، رێژەی یەدەکی دۆلار لە بانکە ناوەندییەکانی جیهان لە کۆی دراوەکانی تری جیهان (71٪) بوو.
لەگەڵ دابەزینی کێشی رێژەیی یەدەکی بانکە ناوەندییەکانی جیهان، لە ماوەی دەیەکانی رابردوو لە دۆلار، بەڵام واقیعی کرداری دۆلار و بەڵگەکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە هێشتا دۆلار رۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت لە بازرگانیی نێودەوڵەتی و گرێبەستە جیهانییەکان و نێوەندێکی دڵنیاکاریی نێوان هەمووانە، ئەمەیش بۆ میکانیزمی کاری دۆلار دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ قەرز و نرخی سود و پەیوەستبوونی دەوڵەتە سەرەکییەکانی هەناردەی کاڵا و نەوت بە دۆلارەوە، هەروەها هێزی بەرهەمداریی ئابووریی ئەمریکا هێشتا پێشەنگیی جیهانە، بە جۆرێک بە پێی ئامارەکانی 2021، بەرهەمی ئەمریکا (24٪) و بەدوایشیدا چین بە (17٪) لە کۆی بەرهەمی جیهانی دێنن.
لە کۆتاییدا، ئێستا دوورترین ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە خەیاڵی بکەیت، دۆلار بشکێت نەک داڕمێت، ئەگەر جەنگێکی سەربازی روونەدات، وابکات پاکتاوی نێوان دەوڵەتان بە دراوێکی غەیرە دۆلار ئەنجام بدرێت، لە هەمان ساتیشدا، هێشتا دۆلار ئەڵتەرناتیفی نییە، جگە لە SDR مافی تایبەتی لە راکێشانی سندوقی نێودەوڵەتی نەختینە. ئەمەیش بەهۆی سنورداری و ئامادە نەبوونی بۆ گێڕانی رۆڵێکی گەورەی لەو جۆرە، بەشی داپۆشینی بازرگانیی نێودەوڵەتی ناکات، ئەو پرسەی کە زۆر کەس لێی ئاگادار نین، کە جۆن ماینارد کینزی ئابووریناسی بریتانی، لە ساڵی ١٩٤٤ پێشنیاری دراوی (بانکور)ی کرد، وەک پێوەر بۆ ئاڵوگۆڕی نێوان دەوڵەتان و دراوێکی نێودەوڵەتی بۆ پاکتاوکردنی بازرگانیی نێودەوڵەتی. لە کۆتاییشدا، دەبێ ئاماژە بۆ دراوی گریمانەییش بکرێت، کە ئەمیش ناتوانێ ببێتە جێگرەوەی دۆلار، بەهۆی ئەوەی هەزاران جۆری هەیەو هیچ بنچینەیەکی یاسایی نییە، تەنانەت ئەگەر نێوان دەوڵەتانیش ئێجگار خراپ بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان