هەولێر – رەوەست نەوزاد
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت، ژمارەی شۆفێریش لە هەرێم بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە بەشێوەیەكە زۆربەی ئەو هاووڵاتیانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 18 ساڵ ئەگەر ئۆتۆمبێلیشیان نەبێت ئەوا مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە یا هەوڵی دەرهێنانی دەدەن كە ساڵانە بە هەزاران كەس لە هەموو توێژو تەمەن و رەگەزێك روو لە نوسینگەكانی فێربوونی شۆفێری و پاشان بەشی وەرگرتنی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم لە سەرجەم شارو شارۆچكەكان دەكەن كە قەرەباڵغی و سەرەیەكی زۆری لەو بەڕێوەبەرایەتیانە دروستكردووە.
نەبوونی هێڵێکی گشتی گواستنەوەی باش
هێلان حەمید ماوەی شەش ساڵە مۆڵەتی شۆفێری تایبەتی دەرهێناوە و دەڵێت، بەهۆی نەبوونی هێڵێکی گشتی گواستنەوەی باش و خێرا دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و زانینی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ هەر تاکێک بووەتە زەروریەتی ژیان، لەبەر ئەوەی زۆرجار هاوسەرەکەم ناتوانێت بمگەیەنێتە شوێنی مەبەست و ئەوکاتە خۆم دەتوانم بڕۆم و کارەکانم جێبەجێ بکەم.
وتیشی، سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەولێر زۆر قورسە و بەهەشت جار تاقیکردنەوە ئینجا توانیم دەربچم و ببمە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری.
هاوژین مەجید گەنجێكی شاری هەولێرە و لەبارەی زۆربوونی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری وتی، دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری وەك دیاردەی لێهاتووە، ئێمە پێی دەڵێین چاولێكەری، هیچ پێویست ناكات هەموو تاكێكی كۆمەڵگە دوای 18 ساڵی مۆڵەتی شۆفێری هەبێت.
وتیشی: یەكێك لەو هەڵانەی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بوونی سیستمی كۆن و تازەی دەرهێنانی مۆڵەتەكەیە کە دوو جۆری هەیە لەشاری هەولێر جۆری وڵاتی كۆریایە و لە شارو شارۆچكەكانی تریش سیستمە كۆنەكەی عیراقە كە وادەكات خەڵكی هەولێر بەهۆی زۆری مەرجی سیستمی كۆریەكە بچنە قەزاو ناحیە و شارۆچكە بچووكەكانی تری پارێزگاكە، چونكە لەوێ سیستمە كۆنەكە پەیڕەو دەكرێت و تاڕادەیەك ئاسانترە.
سیستمەکە بۆ کوردستان گونجاو نییە
ئەسعەد مەلا كەریم بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی هەرێمی كوردستان لەبارەی چۆنیەتی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێم بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا تەنیا لەشاری هەولێر رێکارەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بەسیستمی وڵاتی كۆریای باشوور دەکرێت، بەڵام ئێستا ئەو سیستمە لە كۆریاش جێبەجێناكرێت و سیستمی تازەتر بەكاردێنن و گۆڕاوە بۆ هەرێمی كوردستانیش گونجاو نییە.
وتیشی، لە هەر شارێكی هەرێم بەشێوەیەكی جیاواز مۆڵەتی شۆفێری بەشۆفێران دەدرێت، بەڵام بەهەوڵی هەموولایەك هاتوچۆی گشتی لەگەڵ وەزارەت و هاتوچۆی شارەكان لەبەرنامەیاندایە لە ئایندەیەكی نزیكدا هەموو شارەكان بەیەك شێواز مۆڵەت ببەخشنە شوفێران.
سەبارەت بەدیاریكردنی ماوەیەكی زۆر بۆ ئەو كەسانەی لە تاقیكردنەوەی شۆفێری دەرناچن و دووبارە هەوڵدەدەنەوە بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەکرد، هۆكارەكە بۆ زۆری ژمارەی داواكاری بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەگەڕێتەوە كە كارمەندانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە پێڕاناگەن ئەو هەموو كارە رایی بكەن هۆكارێكی تریش بۆ ئەوەیە ماوەیەكی زۆری پێبدەین هەڵەكانی خۆی چاكبكاتەوە كە ئەو كارەش بەچەند رۆژێكی كەم ناکرێت.
مۆڵەتی شۆفێری بكرێتە خاڵ
ئەسعەد مەلا كەریم ئاماژەی بەوەشکرد، هیواخوازە مۆڵەتی شۆفێری بكرێتە خاڵ، كە لەكاتی تەواوبوونی خاڵەكانی، شوفێرەكە لەكاتی کردنی سەرپێچی، بۆ ماوەیەك مۆڵەتەكەی لێ وەربگیرێتەوە، ئێستا لە هەرێم تەنها سزا بۆ شوفێرەكە سزای پێبژاردنی پارەیە كە هەندێكجار ئەگەر شۆفێرەكە مۆڵەتی نەبێت، سزاكە دەبێتە دەستگیركردن.
وتیشی، ئێستا 9 شوێنی تاقیكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە شار و قەزاو ناحیەكانی هەرێم هەیە مۆڵەت بە شۆفێران دەدەن، جگە لەوەش 191 نوسینگەی فێركردنی شۆفێریش لەهەرێم هەیە بە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ئەو كەسانەی لەوێ كاردەكەن و كەسانی مەدەنین، بەڵام بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەكان كاردەكەن كە هەمووشیان سەر بە كەرتی تایبەتن.
زیاتر لە 1 ملیۆن مۆڵەتی شۆفێری
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی هەرێمی كوردستان تا 30/1 ی ساڵی 2022 بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم مۆڵەتی شۆفێری داوەتە 1 ملیۆن و 911 هەزارو 185 كەس كە تەنیا 19 هەزارو 7 یان مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ سكیلە، ئەگینا زۆربەیان بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە كە لەو ژمارەیەش 1 ملیۆن و 681 هەزاریان لە رەگەزی نێرو 229 هەزاریشیان لە رەگەزی مێن، هەر لەو ژمارەیەشدا زیاتر لەیەك ملیۆن مۆڵەتی ئۆتۆمبێلی تایبەتە و زیاتر لە 871 هەزاریش بۆ مۆڵەتی بۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلی گشتییە.