لووتكەی شەرم ئەلشێخ بۆ رزگاركردنی زەوی بەڕێوەدەچێت

09:43 - 2022-11-07
جیهان
296 جار خوێندراوەتەوە

تاهیر ئیبراهیم

دوێنێ، چالاكییەكانی لووتكەی گۆڕانی كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان ناسراو بە «COP27» لە شەرم ئەلشێخی میسر بە دروشمی (كردەوەی بەپەلە بۆ رزگاركردنی زەوی) دەستی بەكارەكانی كرد.
 لە سەرەتای چالاكییەكانی كردنەوەی لووتكەكەدا، نوێنەری كەشوهەوای بەریتانی، لێكۆڵەری كەشوهەوا ئالۆك شارما كە سەرۆكی لووتكەی پێشوو بووە، كۆبوونەوەی ژمارە بیست و حەوتی لووتكەكەی رادەستی سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر كرد.
لە دەستپێكی چالاكییەكانی كردنەوەی ئەم لووتكەیەدا، شارما وتی: نەكردنی هیچ شتێك بۆ كەشوهەوا ئیفلیجمان دەكات، بۆیە پێویستە ئەم كۆنفرانسە، كۆنفرانسێك بێت لەسەر كردەوەی كۆنكرێتی لە بواری گۆڕانی كەشوهەوادا.
پاشان وەزیری دەرەوەی میسر لە وتارەكەیدا بەوبۆنەیەوە رایگەیاند: دۆخی ئێستای كەشوهەوا داوای هەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێكی پێویست و بەهێزكردنی هەنگاوی بە كۆمەڵی فرەلایەنە.
هەروەها عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر رایگەیاند: دانیشتنی ئێستای لووتكەی كەشوهەوا لەكاتێكی زۆر هەستیاردایە، كە تێیدا جیهان بەرەو رووی مەترسی وجودی و تەحەددای بێوێنە دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەریی هەیە لەسەر خودی مانەوەی هەسارەكەمان و توانای ئێمە بۆ ژیان لەسەری.
ئەم لووتكەیە، تا 18ی مانگ بەردەوام دەبێت بە ئامادەبوونی سەركردە و شازادە و پاشاكانی 197 وڵات.


بابەتە پەیوەندیدارەکان