ئه‌مڕۆ 14/11/2022، به‌بۆنه‌ی یادی 238 ساڵه‌ی بونیادنانی شاری سلێمانییەوە، له پایته‌ختی رۆشنبیریی و داهێنان، چه‌ندین چالاكی و ئاهه‌نگ و بۆنه‌ی تایبه‌ت به‌ڕێوه ده‌چێت و له زۆربه‌ی فه‌رمانگه و خوێندنگه‌كانیش فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خوێندكاران به جلوبه‌رگی كوردییه‌وه ده‌وام ده‌كه‌ن و یاده‌كه به‌رز راده‌گرن.
فێستیڤاڵێكی شایسته
گه‌وره‌ترین یادكردنه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیریی و هونه‌ری سلێمانی و ده‌زگای میدیایی كوردسات سازی ده‌كه‌ن به سازكردنی فیستیڤاڵێكی به‌رفراوان و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ. فێستیڤاڵه‌كه، رۆژی دووشه‌ممه 14/11/2022، سه‌عات 3.30 پاشنیوه‌ڕۆ له ته‌لاری هونه‌ر به پێشكه‌شكردنی چه‌ندین چالاكی هونه‌ری ده‌ستپێده‌كات و دواتر له سه‌رای سلێمانی و كارگه‌ی كه‌لتور و هه‌واری شار بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت كه تێیدا ده‌یان چالاكی و نمایشی جۆراوجۆر له بواره‌كانی كەلتورو مێژوو، ده‌ستڕه‌نگینی، داهێنانی گه‌نجانی كورد، هونه‌رو شێوه‌كاری، به‌ڵگه‌نامه‌یی، ته‌كنه‌لۆژیا له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی ده‌یان جۆری خواردنی كورده‌واری به‌چێژ پێشكه‌ش ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیك و چالاكی هونه‌ریی هه‌مه‌ڕه‌نگ له سه‌رای سلێمانی و به‌درێژایی رۆژی یه‌كه‌می فیستیڤاڵ، هاوكات بەڕێوه‌چوونی كۆنسێرتێكی هونه‌ریی تایبه‌ت له رۆژی دووه‌م و كۆنسێرتێكی تایبه‌ت به منداڵان له رۆژی سێیه‌می فیستیڤاڵ له ته‌لاری هونه‌ر له چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئه‌مه جگه له چه‌ندین چالاكی وه‌رزشیی له هه‌واری شار.
منداڵپارێزی كوردستان چالاكییان هه‌یه
هه‌ر به‌هه‌مان بۆنه سه‌عات 2.30 پاشنیوه‌ڕۆ، رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان به‌هاوكاری كەلتور و كه‌له‌پوری ماڵی سۆفی كه‌ریم ئاهه‌نگێكی هه‌مه‌چه‌شنه له وتار و شیعر و په‌خشان و گۆرانی و میوزیك به‌به‌شداری گروپێكی موزیسیانی خۆبه‌خش له سه‌نته‌ری رۆشنبیری سه‌را ساز ده‌كات.
له‌لایه‌كی تره‌وه، سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ 14/11/2022، په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی، وه‌كو دێرینترین په‌یمانگه‌ی هونه‌ریی له كوردستان، له‌م یاده‌دا، مه‌راسیمێكی رێزلێنان بۆ هه‌ریه‌ك له شانۆكار مامۆستا كاوه ئه‌حمه‌د میرزا و شێوه‌كار سالار مه‌جید رێكده‌خات، له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی چه‌ندین چالاكی هونه‌ری.
شێوه‌كارانی پێشه‌نگ
لای خۆشیانه‌وه، لقی سلێمانی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، پێشانگایه‌كی هاوبه‌ش بۆ كۆمه‌ڵێك شێوه‌كاری دیاری سلێمانی ده‌كاته‌وه به ناونیشانی شێوه‌كارانی پێشه‌نگ، كه سه‌عات 3ی پاشنیوه‌ڕۆ پێشانگاكه له گه‌له‌ری نیشتمانیی ئه‌منه سووره‌كه ده‌كرێته‌وه.
هه‌ر به‌هه‌مان بۆنه، سه‌عات 2ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 14ی 11، رێكخراوی شار بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی به هاوكاری رێكخراوی كه‌ریمی عه‌له‌كه، به ناونیشانی سلێمانی شوناسی بیری نوێ و داهێنان مه‌راسیمێكی رێزلێنان بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی سلێمانی ساز ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی ئاهه‌نگێكی میوزیك و گۆرانی.
كۆمار عه‌لی