پڕۆژەی کارەبای بازیان-رانیە لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتە کار

09:40 - 2022-11-15
ڕاپۆرت
768 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: جێگر خدر 

پڕۆژەی راكێشانی هێڵی 132 كەی ڤی (بازیان – رانیە) کە ساڵی رابردوو  بەردی بناغەکەی لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان-ەوە دانرا، ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە و %96ی کارەکانی بەکۆتا هاتووە.

پڕۆژەکە  لە کەرتی کارەبای هەرێمدا رۆڵێكی گرنگ دەبینێت
 عەلی محەمەد بەڕ‌ێوەبەر‌ی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای راپەڕین لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: پڕۆژەی راكێشانی هێڵی 132 كەی ڤی (بازیان-رانیە) بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی حکومەتی هەرێم دادەنرێت، ساڵی رابردوو  لە لایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی دانرا، بڕی پارەی تەرخانکراویش بۆی 31 ملیار و 600 ملیۆن دینارە، ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەکە  لە کەرتی کارەبای هەرێمدا رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە كەمكردنەوەی ئەو رێژە كارەبا زۆرەی رۆژانە بەهۆی كۆنبوونی تۆڕەكانی گواستنەوەوە بەفیڕۆ دەچێت. 
وتیشی، پڕۆژەکە؛ پێکدێت لە هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە وێستگەکانی کارەبای بازیانەوە بۆ وێستگەی گۆڕینی کارەبا لە رانیە بەدرێژایی 100کیلۆمەتر، دەبڵ لاین و دەبڵ کۆندێکتەرە و توێن تێلە، لەلایەن کۆمپانیای(هێرۆ)وە بەرهەم دەهێنرێت، ئێستاش بەرەوپێشچوونی زۆر لە کارەکانیاندا روویداوە. دەشڵێت» بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، كێشەكانی كەمی توانای گواستنەوە و كێشەی (لۆد فلۆ)لە سیستەمی كارەبای هەرێم و كەمی (ڤۆڵتییە)چارەسەر دەكات، كە كێشەیەكی كۆنی كارەبای هەرێمە».
راشیگەیاند، ئەگەرچی وا بڕیار بوو تەواوکردنی پڕۆژەکە بکەوێتە ساڵی داهاتووەوە، بەڵام هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە و ستافێکی کارامە کارەکانی دەکەن و ئێستا لە %96ی کارەکانی کراوە و بەم نزیکانە، رەنگە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە تێکڕای پڕۆژەکە بە تەواوکراوی بخرێتە خزمەت کەرتی کارەبا و هاووڵاتیانی هەرێمەوە.

راپەڕین بۆ زیاتر لە 15ساڵی دیکە، گرفتی راکێشانی کارەبای نابێت
لای خۆیەوە، هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و پڕ بایەخەكانی حكومەتی هەرێم كە لەلایەن كۆمپانیای (هێرۆ)وە جێبەجێدەكرێت و دەبێتە بەشێك لە تۆڕی كارەبای نیشتمانی سەرجەم هەرێم، بۆ ناوچەی راپەڕین-یش توانای كارەبا بۆ 500 مێگاوات بەرز دەكاتەوە، لەكاتێكدا تاوەرەكانی پێشوو كە بۆ ئەو سنوورە راكێشرابوون، تەنیا 170 مێگاواتیان رادەكێشا. باسی لەوەشکرد، پڕۆژەکە گەرەنتی کارەبای راپەڕین بۆ  15 ساڵی دیکە و زیاتریش دابین دەکات، ئەگەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش بە هەرجۆرێک روو لە هەڵکشان بکات. 
وتیشی: ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، دەستپێک هەتا نزیکەی کۆتایی پڕۆژەکە دەستی کاری نێوخۆیی کاری تێدا کردووە، لە دوای تەواوبوونیشی، ئەو پڕۆژەیە هانی زیاتری وەبەرهێنان دەدات لە دەڤەرەكەدا، دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت تا كارگەی گەورە بونیادبنرێت و بواری پیشەسازیی گەشە بكات، كە لە ماوەكانی رابردوودا بەشێك لە وەبەرهێنەران كەمی توانای كارەبایان وەك رێگری لە بەردەم كارەكانیاندا دەبینی.
پڕۆژەی هێڵی کارەبای 132 کەی ڤی بازیان-رانیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، ساڵی پار جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ وەزیرانی کارەبا و کشتوکاڵ بەردی بناغەکەیان لە رانیە دانا، ئێستا تەنها لە %4ی کارەکانی ماوە، نزیکەی 200کەس کە %75ی دەستی کاری نێوخۆییە رۆژانە بۆماوەی 12 سەعات کار لە بەستن و راکێشانی کارەبا لە 302 تاوەری بەرز و سەختدا دەکەن.

کارکردن لە پڕۆژەی کارەبای بازیان-رانیە

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان