ئا: سارا محه‌مه‌د عه‌لی
پێشه‌كی
دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن دیارده‌یه‌كی نه‌خوازراوه له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كدا بێت، چونكه ده‌بێته هۆی بڵابوونه‌وه‌ی ترسێكی گه‌وره لای هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی، زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگەكا‌ن به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، به‌ڵام له دوای هه‌موو جووڵانه‌وه و بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌كانی گه‌لان، یاخود جه‌نگ و شه‌ڕه‌كان. له هه‌ر وڵاتێكدا لێكه‌وتێكی چاوه‌ڕوانكراوی دوای ئه‌و باردۆخه‌یه كه چه‌ك بكه‌وێته ده‌ستی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، وه‌ك شۆڕشه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا و روسیا.
ده‌ركه‌وتنی دیارده‌یه‌كی لەو جۆرە ئاساییه و تا ماوه‌یه‌ك دوای ئه‌و باردۆخه به‌رده‌وام ده‌بێت تا تاكه‌كانی ده‌ست ده‌ده‌نه كڕینی چه‌ك یان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌هۆی به‌شداریكردنیانه‌وه. دواجار بارودۆخێك دێته ئاراوه كه خه‌ڵكی مه‌ده‌نی چه‌ك به ده‌ست ده‌بێت.
دیارده‌ی چه‌كداری مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه
به‌هۆی ئه‌و بۆشاییەی دێتە ئاراوە لە دۆخی ئه‌منی و ئاسایش‌دا بۆ پارێزگاریكردن له‌سه‌ر و ماڵیان زۆربەی خەڵک چه‌ك بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر باس له مێژووی گه‌لی كوردستان بكه‌ین، ده‌بینین چه‌كهه‌ڵگرتن بۆ به‌شداریی له یاخیبوون و شۆڕش و شه‌ڕ و جه‌نگ به شێویه‌كی زۆر ده‌بینرێت، هه‌ربۆیه له‌ناو كوردیشدا دیارده‌ی چه‌كداری مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه، قۆناغ به قۆناغ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ستی ناسیۆنالیستی كوردی و خه‌باتی رزگاریخوازی و شۆڕشه‌كانی تا راده‌یه‌ك ئاسایی بووه کە ئه‌م دیارده‌یه سەرهەڵبدات له سه‌روبه‌ندی شۆڕشه‌كاندا، یاخود له دوای شۆڕشه‌كان به‌هۆی ئه‌و كه‌لێنه‌ی له ئاسایش و ئارامی و نه‌بوونی یاسا و حوکمڕانی یاسا دروستبووه.
ئەحمەد بەگ به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یبوو، رێكاری توندی گرته‌به‌ر بۆ كۆتاییهێنان به دیاردەی چەکهەڵگرتنی بێ مۆڵەت و دانانی سزا لەسەری
رێوشوێنه یاساییه‌كان دژ به دیارده‌ی چه‌كداریی له سلێمانی 1925-1935
له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، گرنگترین شۆڕشه‌كانی كورد، بریتیبوون له شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، به تایبه‌تی ئه‌و شۆڕش و شه‌ڕانەی ساڵانی 1919-1924 له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كاندا كه بارودۆخێكی وای هێنابووه ئاراوه، تا خه‌ڵكێکی زۆری شاری سلێمانی چه‌ك هه‌ڵبگرن، هه‌ندێكیان له‌ناو هێزه‌كانی شێخ مه‌حموددا بوون و لێی كۆببوونه‌وه، به‌شێكی زۆری هێزه‌كانی شێخ مه‌حمود له خه‌ڵكی شاری سلێمانی پێكده‌هات و پاڵپشتی سه‌ره‌كی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه بوون. هه‌ندێكیش له خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی بوون كه چه‌كیان هه‌ڵگرتبوو بۆ پاراستنی سه‌رو ماڵی خۆیان.
به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه زیاتر و به شێوه‌یه‌كی نائاسایی زیادی كرد له ناو سلێمانیدا ته‌واو شاری ته‌نیبووه، به تایبه‌تی دوای رووخاندنی حكومه‌تی سێیه‌می شێخ مه‌حمود له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه، دوای ئه‌وه جارێكی دیكه حكومه‌ت له‌لایه‌ن شێخ مه‌حموده‌وه دروست نه‌كرایه‌وه. ئیدی بۆشاییه‌كی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی دروست بوو.
پاشان به‌هۆی سیاسه‌تی ئینگلیزه‌وه كه بڕیاری مافی لێخۆشبوونی بۆ سه‌ربازه‌كانی ناو جووڵانه‌وه‌كه ده‌ركرد، په‌یتا په‌یتا سه‌ربازه‌كان گه‌ڕانه‌وه ناو شار و ماڵ و حاڵی خۆیان و چوونەوە سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆیان، هه‌روه‌ها چەکە‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنایه‌وه و له ماڵه‌كانیاندا حه‌شاریاندا، چونكه به‌رده‌وام چاوه‌ڕێی هه‌لێكی دیكه بوون بۆ دروستبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیكه. ئیدی شار پڕبوو له چه‌كی بێ مۆڵه‌ت كه خه‌ڵكی به ئاسایی له‌ناو شار و بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كاندا هه‌ڵیان ده‌گرت.
بوونی ئه‌حمه‌د به‌گ به موته‌سه‌ڕیفی سلێمانی
له‌به‌رئه‌وه و له سه‌روبه‌ندی ئه‌و بارودۆخه‌دا له سلێمانیدا، حاكم و حوكمدار نه‌بوو، تا دانانی ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گ وه‌ك موته‌سه‌ریفی سلێمانی، كه دواتر وه‌ك یه‌كه‌مین پارێزگار ده‌ستبه‌كاربوو، به دوو ماوه‌ی پچڕپچڕ حوكمی سلێمانی كرد كه نزیكه‌ی حەوت ساڵ و نیوی خایاند.
كاتێك ئه‌حمه‌د به‌گ ده‌سه‌ڵاتی پێدرا، ده‌ستیكرد به رێكاری توند دژی ئه‌و دیارده‌یه و بۆ به‌رقه‌راركردنی ئارامی و ئاسایشی سلێمانی و پاراستنی هاووڵاتیان، له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوێكی به ئاگاش بوو له‌و دیارده‌یه و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت له‌ناو شار و ده‌وروبه‌ری، به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یبوو، رێكاری توندی گرته‌به‌ر بۆ كۆتاییهێنان به‌و دیارده مه‌ترسیداره و دانانی سزای مادی و زیندانیشی گرته‌به‌ر تا باردۆخه‌كه كۆنترۆڵ بكرێت. بۆ ئاگاداری خه‌ڵكیش بڕیاڕه‌كانی له رۆژنامه بڵاودەكرده‌وه.
سزای هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت
یه‌كێك له بڕیاره‌كانی سه‌باره‌ت به دیارده‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت بوو له‌ناو خه‌ڵكدا، ئه‌حمه‌د به‌گ وه‌ك موته‌سه‌ڕیفی سلێمانی بڕیاریدا هه‌ركه‌س چه‌كی هه‌بێت ده‌بێت له پێش كانوونی دووەمی ساڵی 1927 مۆڵه‌تی بۆ وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌رنا به‌پێ یاسا ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كه‌كه‌یدا ده‌گیرێت، هه‌ركه‌سیش به‌بێ مۆڵه‌ت چه‌ك هه‌ڵبگرێت، لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. بۆ پاراستنی ناوچه سه‌ربازییه‌كان و دروستنەبوونی پشێوی له بڕیاره‌كه‌یدا هاتبوو: «من كه موته‌سه‌ڕیفی سلێمانیم، به پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به یاسا پێم دراوه له 15 ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1925دا، ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه و رایده‌گه‌ینم هیچ كه‌س بۆی نییه له ناوچه عه‌سكه‌رییه‌كاندا یان نزیك ئه‌و ناوچانه چه‌ك هه‌ڵبگرێ و قه‌ده‌غه‌یه. هه‌ركه‌س به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بڕیاره بجوڵێته‌وه یاخود دژی بوه‌ستێته‌وه، به‌پێ ماده‌ی 12ی یاسای عیراقی ئیجرائاتی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. بۆ موته‌سه‌ڕیف رێگا پێدراوه كه هه‌ر وه‌ختێ هه‌واڵ راگه‌یه‌نێت هه‌موو چه‌كه‌كان له ناوچه‌ی سنووری لیواكه‌دا كۆبكرێته‌وه و ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێت، رێگا پێدراوه بۆی فه‌رمان بكات ئه‌و هه‌موو چه‌كانه بگیرێت له پێناو ئه‌من و ئاسایش‌دا، له هه‌موو ناوچه‌ی عه‌سكه‌ری یان نزیك ئه‌و ناوچه‌یه، هه‌ركه‌س پێچه‌وانه‌ی بكات له‌سه‌رم واجبه عقوبه‌ی بده‌م، به‌پێ یاسای سزادان به 5 ساڵ زیندانی و 5000 روپیه غه‌رامه ده‌كرێت، له هه‌ندێ كاتدا ره‌نگه هه‌ر یه‌ك سزای به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت یان هه‌ندێ جار هه‌ردووكی پێكه‌وه سزاكه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێ».
ئاسایشی شاری به‌لاوه گرنگ بوو
دوا به‌دوای ئه‌م بڕیارانه‌ی، ئه‌حمه‌د به‌گ له ساڵانی دواتریش جه‌ختی زۆری لێده‌كرده‌وه، چونكه ئاسایشی شاری به‌لاوه گرنگ بوو. ته‌نانه‌ت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دیارده‌ی چه‌كداری بڕیاری ده‌ركرد بۆ رێكخستنه‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ك، بڕیاریدا هه‌ركه‌س چه‌كی هه‌یه، ده‌بێت مۆڵه‌تی بۆ ده‌ربكات تا 1 كانوونی دووه‌می1927 مۆڵه‌تی تازه‌ی بۆ وه‌رگرێت «ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌س پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بڕیاره بكات كه بڵاومكردۆته‌وه و بجوڵێته‌وه راپێچی لێپێچینه‌وه ده‌كرێ، هه‌م زیندانی هه‌م غه‌رامه ده‌كرێ» .
موته‌سه‌ڕیف رێگا پێدراوه هه‌ركه‌س پێچه‌وانه‌ی یاسا بکات عقوبه‌ی بدات، به‌پێ یاسای سزادان به 5 ساڵ زیندانی و 5000 روپیەش غه‌رامه دەكرێت
له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه بۆ چه‌سپاندنی ئاسایش، رۆژنامه‌ی ژیان باس له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گ ده‌كات و ده‌ڵێت: «له‌و رۆژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه و ته‌شریفیان هێناوه‌ته ئێره، هه‌ر خه‌ریكی دامه‌زراندنی ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیركردنی شاره‌كه‌ی بووه و خۆی ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌و كاره» . تا ڕاده‌یه‌كی باش توانیبووی چه‌ك هه‌ڵگرتن له‌ناو خه‌ڵكی مه‌ده‌نیدا كۆنترۆڵ بكات، تا جگه له‌و كه‌سانه‌ی كه ئیشه‌كه‌یان پێویست ده‌كات چه‌ك به ده‌ستیانه‌وه نه‌بێ، بێگومان چه‌ك كه‌وتنه ده‌ستی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی كاره‌سات و رووداوی زۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، بێ یاسایی لێده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌رچی دواتر جارێكی دیكه بارودۆخه‌كه ئاڵۆز ده‌بێته‌وه. به‌هۆی شه‌ڕی به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی، خه‌ڵكی ده‌ست ده‌داته‌وه چه‌ك و شار ده‌ته‌نێته‌وه و خه‌ڵك چه‌ك به ده‌ست ده‌بن، به‌ڵام جارێكی دیكه كاتێك ده‌سه‌ڵاتی پێده‌درێت له ساڵی 1930دا دووباره هه‌وڵه‌كانی چڕده‌كاته‌وه و چه‌ندین سزای مادی و زیندانی بۆ داده‌نێت. هه‌ربۆیه هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می پێشووتر، زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر رێكخستنی دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن كردۆته‌وه، له پێناو پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی شار و هاووڵاتیاندا فه‌رمانی كردووه، هه‌ركه‌س چه‌ك و خه‌نجه‌ر له‌ناو شاردا به‌بێ مۆڵه‌ت هه‌ڵگرێت، یاخود مۆڵه‌ته‌كه‌ی كۆتایی هاتبێت و له ده‌ستی بگیرێت تووشی لێپێچینه‌وه و سزا ده‌بێت، به درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ش تاڕاده‌یه‌كی زۆر باش ئه‌و دیارده‌یه كۆنترۆڵ كرا‌و رووی له كه‌مبوونه‌وه بوو.