مرۆڤ لە قەفەسی کەلتوردا

10:21 - 2022-11-22
کەلتور
816 جار خوێندراوەتەوە

 

رێژوان تەها
کەلتور خەسڵەت و تایبەتمەندی و زانینی کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراوە؛ زمان و ئایین و نەریتی کۆمەڵایەتی و هونەر و موزیک دەگرێتەوە.
هەر کۆمەڵە مرۆڤێک لە دونیادا کە خاک و مێژوویەکی هاوبەشیان پێکەوە هەیە، خاوەنی کەلتورێکی هاوبەشن و کۆمەڵێک مۆرک و خەسڵەتی تایبەتی جیایان دەکاتەوە لە کۆمەڵگە و نەتەوەکانی دیکەی سەر رووی زەمین، ئەو کەلتورە دەبێتە شوناس و ناسنامەی ئەو کۆمەڵە مرۆڤە و دەیانکاتە ناو چوارچێوەیەکی کەلتور و ژیانێکی هاوشێوەوە. 
ئێمە لە رێگەی کەلتورەوە دەتوانین ناواخن و رەسەنایەتی هەر گەل و کۆمەڵگەیەک بناسین و تێیبگەین، قوڵبوونەوە لە کەلتور و تێگەیشتن لێی، ناسینی گەلێک لە کایەی هونەری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیەیە، کە وەک تۆڕێکی بەهێز و پتەو تاکەکان یەکدەخات و بەرەو ئامانج و ژیانێکی تایبەت ئاراستەیان دەکات و لە هەناویدا مێژوویەکی دێرینی هەڵگرتووە.
مرۆڤ هەرچەند هەوڵیش بدات ناتوانێت بە تەواوی لە کەلتورە نەتەوەییەکەی داببڕێت، چونکە لە هەموو لایەنێکی ژیانییەوە گرێدراوی کەلتورەکەیەتی، هەرچەند هەندێجار دەتوانێت لە هەندێ لە نەریت و رێوڕەسمەکانی کۆمەڵگە و ژینگەکەی یاخی بێت و جێبەجێیان نەکات، بۆ نمونە: دەکرێت وەک ئەوان جل نەپۆشێت، ستاییلی قژی وەک ئەوانی دیکە نەبێت، هەمان کاری باوی کۆمەڵگەکەی نەکات، لەخێزان دابڕێت و نەریتێکی تایبەت بەخۆی پەیڕەو بکات، رێوڕەسمە ئایینیەکان جێبەجێ نەکات و جۆرێکی دیکە بیربکاتەوە. ئەم کەسە بە رواڵەت نەریتی جێهێشتووە، بەڵام هێشتا کەلتور لە سەدان لاوە خۆی لەم مرۆڤەدا ئاشکرا دەکات و خۆی دەنوێنێت. نەریت و رێوڕەسمەکان سادەترین بەشی کەلتورن کە مرۆڤ دەتوانێت دەستبەرداریان بێت، بەڵام خۆ زمان هەرگیز زاری مرۆڤ جێناهێڵێت، ژیانی هەرگیز بێ هونەر نابێت، ئەرک و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی هەر دەمێنن، کەلتور دایکی هەموو ئەوانەیە و لە کەلتوردا کۆبوونەتەوە.

هەموو ئەمانە پێکەوە کەلتورن
یەکێک لە گرنگترین رێگەکانی خۆناسینی مرۆڤ، ناسینی کەلتوری گەل و نەتەوەکەیەتی. چونکە لەم رێگەیەوە لە هەموو مێژوو و هونەر و فۆلکلۆر و بەشەکانی دیکەی ژیاری کۆمەڵایەتی تێدەگات و دەیانناسێت. کە هەموو ئەمانە پێکەوە کەلتورن و لە بیر و کردار و گوفتاری هەر تاکێکدا خۆیان بەرجەستە دەکەن. یاخود قوڵبوونەوە و بیرکردنەوە لەهەر یەکێک لەو ژانرانەدا، ئاراستەی دەکات بەرەو ناسینی دیوێکی دیکەی کەلتورەکە.
کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکی دێرینی دیکەی سەر رووی زەمین، کەلتورێکی بەهێز و خۆڕاگری هەیە، کە بەهەزاران زریانی داگیرکاری و سڕینەوە، هێشتا رەگی لە قوڵایی خاکی کوردان و دڵی کوردزوباناندا ماوە و توانای ئەوەی هەیە لە هەموو سەردەمەکاندا خۆی نوێبکاتەوە و دووبارە وەدەرکەوێتەوە.
ئەگەرچی بەهۆی داگیرکاری وڵاتانی دراوسێ و ئیمپڕاتۆریی و زلهێزەکانی مێژووەوە، گەلێک لە کتێب و نووسراوەکانی لەناوچوون و ئێستا بەردەست نین، بەڵام سینە بە سینە بۆ نەوەکانی گوازراونەتەوە و ئێستەش لەهەموو شار و دێهاتەکانی کوردستانی گەورەدا، کوردان کەلتورێکی هاوبەشیان هەیە و رۆحییەن گرێدراوی هەمان فەرهەنگ و کەلتورن.

هیندییەک و کوردێک
دەکرێ تێکەڵاوی کەلتووری رووبدات، وەک چۆن لەمڕۆی دونیادا هەموو جیهان خەریکن بەرەو یەکێتی کەلتوری هەنگاودەنێن. وەکو ئەوەی ئەمڕۆ دەبینین: هیندییەک و کوردێک هەمان جلوبەرگ دەپۆشن، چینییەک و ئەمەریکییەک ئارەزووی هەمان کاڵا دەکەن و هەمان بابەت لایان پەسەندە و گوێ لە موزیکێک دەگرن. عەرەبێک و فارسێک بەشێک لە زوبان و رێوڕەسمە ئایینیەکانیان هێندە نزیکە لە یەکەوە ئەگەر کەسێک بەم دوانە نامۆ بێت، رەنگە ئاسان جیایان نەکاتەوە. 
هەموو ئەمانە و زیاتر جیهانی مۆدێرن و بەتایبەت تەکنەلۆژیا بەرهەمی هێناون و هەموو بەرەو ئامانج و خەونێک ئاراستە دەکات، ئەگەر چاک بێت یاخود خراپ، بەڵام ئەمانە مانای ئەوە نییە کەلتور و رەسەنایەتی گەل و نەتەوەکان لەناوچێت؛ نەخێر بەڵکو هەمیشە هەموو نەتەوەکان هەوڵدەدەن بەرهەم و کەلتوری خۆیان بە جیهانی بکەن و لەڕێی ئەوەوە تێکەڵ بەم پڕۆسەی بەجیهانیبوونە ببن.
تورکەکان لەڕێی سۆفت پاوەر(نەرمە هێزەوە) کاڵاکانی خۆیان لە وڵاتانی عەرەبی و هەتا ئەوروپاش ساغ دەکەنەوە و دەیکەنە بابەتێکی جیهانی.عەرەبەکان لەڕێگەی مەزهەب و نەریتیە ئاینییەکانیانەوە، سەرنجی جیهان بۆلای خۆیان رادەکێشن و کەلتوری خۆیان لەم رێگەیەوە بە جیهانیی دەکەن.
کورد لەکوێی ئەم هاوکێشەیەن؟
هەر هیندییەک کاتێک لە کیشوەرەکانی وەک ئەمەریکا و ئەوروپا دەسەڵاتێک بەدەستدەهێنێت، یاخود بە ناوبانگ و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دەگات، هەمیشە بە جل و بەرگ و نەریتی هندییەوە دەیبینین و هەمیشە کار بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەو نەریت و رێوڕەسمانەی وڵاتەکەی دەکات و بە رێگەی جۆراوجۆر دەیانناسێنێت.
فارسەکان لە رێگەی فیلم و دراما، پاشان کارکردن بۆ ناساندن و نووسینی کتێب لەسەر شاعیران و گەورەپیاوانی مێژووی وڵاتەکەی، سەرنجەکان لەسەر خۆی کۆدەکاتەوە و لە رۆژهەڵات تاکو رۆژئاوای جیهان شارەزا و سەرسامی فەرهەنگ و کەلتوری خۆی دەکات.
ئەفریقییەکان کەلتوری خۆیان لە ئەمەریکادا ناساند و پاش چەندین نەوە هێشتا ساڵانە یادەکانیان بەرز رادەگرن و بەهەمان شێوەی سەدان ساڵی پێشوو دووبارەی دەکەنەوە.
ئەگەر بیربکەینەوە و تێڕامێنین هەزاران نمونەی لەم شێوەیە لای هەموو گەلانی جیهان دەبینین، هەموان لەڕێی نەرمە هێزەوە، کە جەنگێکی بەهێزی کەلتورییە، خەریکن داخڵ بە پڕۆسەی بەجیهانیبوون دەبن و برەویش بە کەلتوری خۆیان دەدەن.
با بڕوانین بزانین کورد لەکوێی ئەم هاوکێشەیەن؟! ئایا وەک گەلانی دێرینی ناوچەکە هەوڵیانداوە لەڕێی فیلم و دراماوە، مێژووی خۆیان بە جیهان بناسێنن؟
خواستی جیهانی لەسەرە
ئایا دەبینین ئەورووپییەک جل و بەرگی کوردی بپۆشێت؟ خۆراکە رەسەنە کوردەوارییەکان، لە جیهاندا داواکارییان لەسەرە و خەڵکی حەزی پێدەکەن؟ ئایا مەحوی و نالی و گۆران و هێمن، شیعرەکانیان بۆ سەدان زمانی جیهانی وەرگێڕدراون و ئەگەر لەجێیەکی دووری دونیا باسی شاعیرانی کورد بکەین ناسراون؟ لە موزیکی کوردیدا کە بە هەزاران ئاواز و گۆرانی فۆلکلۆریمان هەیە، خواستی جیهانی لەسەرە و توانیومانە سەرنجەکانی لەسەر کۆبکەینەوە؟
لەوەڵامدا دەڵێم: بەداخەوە نەخێر بەڵکو تەنها چەند هەوڵێکی تاکەکەسی و کەم بەرچاوکەوتوون. کەچی دەیان تورک بە ئاوازی فۆلکلۆری من، سەدان گۆرانی دروستدەکات و چەندین هونەرمەندی دیار بە فۆلکلۆری گوند و دێهاتێکی کوردستان پێگەیشتن و بە تورکی ناساندیانن، ئەوەی لەم نێوەندەدا لەجێی کەڵک، زیانی کەلتوری پێگەیشت کوردەکان بوون. سەرسامی فۆلکلۆر و کەلتوری خۆیان بوون لەبەرگی نەتەوە و زوبانێکی دیکەدا.
فارسەکان مێژووی هەزاران ساڵەی ئێمەیان لەڕێی نەرمەهێزەوە، کرد بە مێژووی خۆیان و ئێمەیان لە هاوکێشەکە دەرکرد.
چەندان شەهید و قوربانیدان و خەباتی سەدان ساڵەی کوردان، بووبە موڵک و شانازی عەرەبەکان و بەرهەمەکەی ئەوان چنییانەوە.
بۆچی؟ چونکە ئێمە نەرمەهێزمان فەرامۆشکردووە کە کەلتور ناواخن و پەیامەکەیەتی، لەکاتێکدا بەهێزترین چەکی نەتەوە و گەلێکی داگیرکراوە و لەو رێگەیەوە دەتوانێت مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و چاوی جیهان بەرەو کەلتوری خۆی کێش بکات. 

پێ دەنێینە قۆناغێکی جیاواز
فیلمسازان دەتوانن فیلمەکانیان لەسەر کەسایەتی و شۆڕشگێر و بلیمەتەکانی مێژووی ئەم خاکە بێت، ئەوکات بە کارێک چەندین ئامانجی گەورە بەدەست دەهێنن.
موزیککاران بە هێنانی ئاوازی فۆلکلۆری کوردان، دەتوانن بە جیهانی بکەن و لەناو فۆڕم و ستایلە جیهانییەکاندا جێگەی بکەنەوە.
کارگەکان لەجێی کۆپیکردنی بەرهەم و کاڵای وڵاتان و خزمەتکردن بەوان، دەتوانن پۆشاک و خۆراک و کەل و پەلی کوردەواری بەرهەمم بهێنن و بیخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە.
هەموو ئەوانە گەر دەست لەناودەست بۆ ئەو ئامانجە تێبکۆشن، گەیشتن بەو قۆناغی بە جیهانیبوون بەدەستدێت و کەلتوری کوردەواری چ لەناو کوردان و چ لەدەرەوەی خاکی کوردستان گەشە دەکات و چەندین دەستکەوتی ماددی و مانەوی هەم بۆ بەرهەمهێنەران، هەم بۆ وڵاتەکە بەدەستدێت و پێ دەنێینە قۆناغێکی جیاواز و گەورەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان