رۆژی 20 ئەم مانگە لە ئاهەنگی کردنەوەی جامی جیهانیی تۆپی پێ لە قەتەر گۆرانیبێژی کۆریای باشوور و ئەندامی گروپی میوزیکی کۆری BTS گۆرانی Dreamers بە هاوکاری لەگەڵ گۆرانیبێژی قەتەری فەهد کوبەیسی پێشکەش کرد، وەکو هەموو کاتێکی دیکە جەنکووک نمایشێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی بە سەماکردنەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەماکاری دیکە لەسەر ستەیجی نێو یاریگای جامی جیهانیی تۆپی پێ لە دۆحەی پایتەختی قەتەر پێشکەش کرد، شایەنی باسە جەنکووک یەکەم گۆرانیبێژی ئاسیاییە لە مێژوودا لە ئاهەنگی کردنەوەی جامی جیهانیی تۆپی پێی بەشدار بێت و ئەو گۆرانییە دوا گۆرانی فەرمی جامی جیهانیی فیفا بوو لە قەتەر، هەروەها مانگی پێشوو ئەو گۆرانیبێژە بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی قەتەری کرد بۆ کلیپ کردنی ئەو گۆرانییە و وا چاوڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە.
دوای پێشکەشکردنی گۆرانییەکە جەنکووک لە لایڤێکیدا بۆ هەوادارانی باسی لەوە کرد تەنیا دوو رۆژی هەبووە تاوەکو راهێنان لەسەر سەمای ئەو گۆرانییە بکات بۆ سەر ستەیج و بە تەنیا لە ژوورەکەی خۆی لە هۆتێل بەبێ سەماکارەکان تا شەشی بەیانی پرۆڤەی کردووە، باسی لەوەش کرد راستە کەمێک لە دڵەڕاوکێدا بووە، بەڵام هەر ئەوەندەی دەستیکردووە بە گۆرانی وتن دڵەڕاوکێی نەماوە، هەروەها سوپاسی هەوادارانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی.
سەرچاوە: etbilarabi.com