یەكێتی، پشتیوانی لە هەڵبژاردنی بێگەردی پارێزگاكان دەكات

10:38 - 2022-12-05
کوردستان
413 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە و پشتیوانی دەكات، پێیوایە بە هەڵبژاردن بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەتوانرێت سەنگی راستەقینەی پێكهاتەكان دیاریی بكرێت، كە كورد زۆرینەیە.
نۆ ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق نەكراوە، بۆ دەرخستنی سەنگ و دەنگی راستەقینەی پێكهاتەكانیش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كارابوونەوەی لیژنەی مادەی 140 پێش هەڵبژاردن بە گرنگ دەزانرێت، بۆ ئەوەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كارنامەی كابینەی حكومەتەكەی سودانی-دا داوای ئاساییكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان و ئەكتیڤكردنەوەی لیژنەی مادەی 140ی كردووە، كە بڕیارە بەمزوانە كارەكانی دەستپێبكاتەوە و لە پڕۆژەیاسای بودجەی حكومەتیشدا، بودجەی بۆ دانراوە.
یەكێتی؛ كورسیی زیاتر بەدەستدەهێنێت
مەلا كەریم شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: «هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەتایبەتی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گرنگە، كە ئەو ئەنجومەنە رۆڵی گرنگی لە هەڵبژاردن و چاودێریكردنی پارێزگارەكاندا هەیە، ئێستا بەهۆی نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاوە لەو ناوچانە كورد نوێنەری نییە و پارێزگارەكان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن». وتیشی: پارێزگاری كەركوك پشكی كوردە و وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتگیری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەین بۆ ئەوەی پارێزگاری كەركوك بگەڕێنرێتەوە بۆ كورد، بێگومان یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا دەتوانێت كورسیی زیاتر بەدەستبهێنێت و خزمەتی زیاتری دانیشتوانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكات».
لای یەكێتی ئەو ناوچانەجێگەی بایەخن
لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراقدا جەختكرایەوە لە «پێویستیی سووربوون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی داهاتوودا». ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، وتیشی: «وەك ئەوەی لە بەرنامەی كاری حكومەتدا جەختی لەسەر كراوەتەوە و مانگی 10ی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكراوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پشتگیریی تەواوی ئەو بڕیارە دەكات، ئەوەش لەو روانگەیەوە كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەك كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ناوچەكانی دیكە لای یەكێتی جێگەی بایەخن و دەمانەوێت لەڕێگەی نوێنەر و پارێزگارەكانمان پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەشی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بكەین و كارئاسانی بۆ ژیانی رۆژانەیان بكەین».
یەكێتی، بەشدارییكردنی
لە ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لا گرنگە
مەلا كەریم، دەڵێت: «بەدڵنیاییەوە یەكێتی لەو ناوچانەدا بەشداریی حكومەتی خۆجێیی دەكات و بەشداریكردن لە ئەنجومەنی پارێزگای هەندێك پارێزگامان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەلاوە گرنگترە».
پێش هەڵبژاردن لیژنەیمادەی 140 كارابكرێتەوە
ئەگەرچی هیچ رۆژێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دیاریی نەكراوە و لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكی عیراقدا تەنها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە لەساڵی داهاتوودا هەڵبژاردن بكرێت، كە دەبوو لە ساڵی 2018 بكرایە، بەڵام رەوشی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ئەنجومەنی پارێزگاكانی دیكەی عیراق، بە هۆكاری بەڕێوەنەچوونی ئەو هەڵبژاردنە لە عیراق، دەزانرێن.
ناسر ئەحمەد بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانPUKMEDIA ی راگەیاندووە: پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پێویستە بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەڕووی ئەمنی و تەعریبەوە ئاساییبكرێتەوە. وتیشی: «كاراكردنەوەی لیژنەی مادەی 140 رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە بەرەوپێشچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكان و سەنگی پێكهاتەكان لە ناوچە كوردستانییەكاندا».
تەعریب رابگیرێت پاشان هەڵبژاردن بكرێت
ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئێستا بەهۆی جێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب و نائارامی و بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانەوە، ژمارەیەكی زۆر كورد لە دەرەوەی ئەو ناوچانەن، ئەمەش وادەكات كورد و تەنانەت پێكهاتەكانی دیكەش نەتوانن سەنگی خۆیان لە هەڵبژاردنەكەدا بزانن. دووپاتیشیكردەوە كە «بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەیە، خەڵك زۆر متمانەی بە هەڵبژاردن نەماوە و پێویستە جارێكی دیكە ئەو متمانەیە دروستببێتەوە، تا پێكهاتەكان لە هەموو عیراقدا دەنگ و سەنگی خۆیان دیاریی بكەن».
نەبوون و بەسەرچوونی بەشێك لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەتایبەت كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یەكێكی دیكەیە لەو هۆكارانەی كە داوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەردەبڕێت.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان