مۆندیال چارەنووسی یاریكردنی میسی دەگۆڕێت؟

12:00 - 2022-12-05
وەرزش
340 جار خوێندراوەتەوە

ئێرۆن یادگار

لیۆنێل مێسی هێرشبەرو ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان و ئەرجەنتین، كە ئێستا لەیانەی پاریس سان جێرمان یاری دەكات، دوای تەواو بوونی  یارییەكانی مۆندیالی 2022 – قەتەر، بەبریارێكی چارەنووساز و گرنگ داهاتووی یاریكردنی خۆی دەگۆرێت.
راپۆرتە هەواڵییەكانی ئەوروپا ئاشكرایانكردووە،مێسی پێشتر بڕیاریدابوو پاش كۆتاییهاتنی مۆندیال و  كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەشی لەگەڵ یانەكەی لەكۆتایی ئەم وەرزەدا، نیازیبوو پاریس سان جێرمان بەجێبهێڵێت، بەڵام یاریزانی ناوبراو لەبڕیارەكەی پەشیمان بووەوە.
 زۆرجاران باس لەوە دەكرا پاش كۆتاییهاتنی مۆندیال و دواتریش بۆندەكەی لەگەڵ یانەی پی ئێس جی، روو لەیانەی ئینتەرمیامی ئەمریكی دەكات، یان رەنگە بگەرێتەوە ئەرجەنتین و لەوێ كۆتایی بەژیانی یاریكردنی خۆی بهێنێت، هەرچەندە دیڤید بێكهامی ئەستێرەی تۆپی پێی ئینگلتەراو خاوەنی یانەی ئینتەرمیامی هەوڵی زۆری داوە ئەو یاریزانە بباتە ریزەكانی، بەڵام میسی لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی مۆندیالدا بریارێكی چارەنووسسازی داوەو ئاشكرایكردووە تا ساڵی 2024 لەئەوروپا درێژە بەیاریكردن دەدات.
شارەزایانیش هۆكاری پەشیمان بوونەوەی میسی بۆ ئەوە دەگەرێننەوە كە جیانی ئیڤانتینۆی سەرۆكی فیفا داوای لەكریستیانۆ رۆناڵدۆ كردووە واز لەیاریكردن نەهێنێت و لەمۆندیالی 2026 دا بەشدار بێت، چونكە وەك ئینفانتینۆ وتوویەتی لەو مۆندیالەدا گۆرانكاریی زۆر دەكرێت و 48 هەڵبژاردە لەدوا یارییەكان بەشدار دەبن، بۆیە پێدەچێت میسی هەمان نیازی هەبێت و لەمۆندیالی داهاتووشدا بەشدار بێت كە بریارە لە ئەمریكاو كەنەداو مەكسیك بەرێوە بچێت.
میسی لەساڵی 2021 - ەوە پەیوەندیی بەیانەی پاریس سان جێرمانەوە كردووەو لەو ماوەیەدا لە 53 یاریدا بەشدار بووەو توانیویەتی 23 گۆڵ بكات، لەنێوان ساڵانی 2005 تا 2021 لە یانەی بارسیلۆناش لە 778 یاریدا بەشدار بووەو توانیویەتی 672 گۆل بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان